ئەیوب عەلی كارە نوێیەكەی بۆ رووداو باسدەكات
رووداو - هەولێر
هونەرمەند ئەیوب عەلی لەم رۆژانەدا نوێترین ئەلبوومی خۆی بەناوی (بێ سنوور) بڵاوكردەوە، ئەلبوومەكە لە 10 تراك پێكهاتووە و لە 6 وڵات كاری بۆ كردووە. ئەیوب لەو ئەلبوومەدا كاری لەسەر ئاوێتەكردنی بەستە و مەقامی فۆلكلۆری كوردی لەگەڵ موزیك و ریتمی چەند نەتەوەیەكی دیكە كردووە.
لە ئەلبوومە نوێیەكەیدا، بەرهەمهێنەر و هونەرمەندانی كورد، ئینگلیز، هیندی و چەندینی دیكەش كاریان لەسەر گۆرانییەكانی كردووە. ئەیوب لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی ئەو بەرهەمەی خۆی دەكات.
رووداو: جیاوازی ئەلبوومە نوێیەكەت لەگەڵ كارەكانی پێشووت چییە؟
ئەیوب عەلی: ئەلبوومی بێ سنوور جیاوازییەكەی ئەوەیە كە من هەوڵی تیكەڵاوكردنی هونەر و كەلتووری كوردیم داوە لەگەڵ هونەر و كەلتووری گەلانی دیكە، بۆ نموونە لەم ئەلبوومەدا لەگەڵ چوار بەرهەمهێنەری فارس، تورك، ئینگلیز و هیندی كارم كردووە، هاتووم هەندێ مەقامات و فۆلكلۆری كۆنی ناوچەی گەرمیانم لەگەڵ موزیكی رۆژئاوایی تێكەڵ كردووە، یەكێك لەكارەكان كە تێكستی مامۆستا جەبار حەبیبە، خۆم ئاوازەكەیم داناوە و داومە بە بەرهەمهێنەرێكی ئینگلیز گوتوومە خۆت ئازادی چۆن كاری تێدا دەكەیت، وابزانە گۆرانییەكی ئینگلیزیە، پاشان كە ئەنجامەكەم بینی زۆر جوان بوو، بینیم كارێكی نوێ دەرچووە.
رووداو: تێكەڵكردنی میلۆدی كوردی لەگەڵ بیانی تا چەند سەركەوتووە؟
ئەیوب عەلی: ئێستا ئێمە لە سەردەمێكداین كە زۆر زوو شتەكان پێشدەكەون، هونەریش بێگومان نابێت بێبەش بێت لەو پێشكەوتنە. ئەو ستایلە نوێیەی كە من كاری لەسەر دەكەم خۆم حەزم لێیەتی، نەك لەبەر مەبەستێك ئەو ستایلەم هەڵبژاردبێت، تێكەڵكردنی موزیكی دەرەوە تەكانێكی زۆرباشە، بەڵام بە مەرجێك هونەرە رەسەنەكەی خۆشمان بپارێزین. راستە ئەوە شانازییە بۆ من وەك بەرهەمهێن كاردەكەم، چونكە تێكستەكە خۆم دەینووسم، ئاوازەكە خۆم دایدەنێم، سپۆنسەرە خۆم پەیدای دەكەم، ریكۆردكردنی دەنگ هەر خۆم دەیكەم، چونكە ستۆدیۆم هەیە، ئێستا من وەك بەرهەمهێنەر كار دەكەم و هیوادارم بتوانم كار بۆ هونەرمەندانی دیكەش بكەم.
رووداو: گۆرانی خرخاڵ یەكێكە لەو گۆرانییانەی ناو ئەلبوومە نوێیەكەت و كلیپیشت بۆ كردووە، مەبەستت لە خڕخاڵ كێیە؟
ئەیوب عەلی: مەبەست لەو گۆرانییە پێش هەموو شتێك هاوڕێیەكی نزیكی خۆمە كە هەمیشە پشتگیری هونەرەكەی منی كردووە، كاك ئەركان لە هەموو كارەكانم مادی و مەعنەوی لە پشتم بووە، ئەو زۆر حەزی لەو ستایلی موزیكە هەبوو خۆشم پێم خۆشبوو. لەو وڵاتەی لێیدەژیم كوڕێكی بەتوانام دۆزییەوە ناوی "تۆنی وایت" بوو لە شاری لەندەن، بیرم كردەوە گوتم دانس موزیك بەشێوەیەك بكەم كە لەگەڵ كەلتووری كوردی و مەقامی گەرمیان لەسەر ریتمی خێرا بگونجێت و بەشێوەیەكی زانستی كاری لەسەر بكرێت، یەكەم كەس تۆنی بوو لە منی پرسی ئەم زمانە چ زمانێكە ئەمە چ مەقامێكە ئەوە هی چ ناوچەیەكە، لەوەوە پرسیار دروست دەبێت، پاشان كەناڵی ناسراوی وەكو pmc ،one tv و كەناڵە فارسییە ناسراوە جیهانییەكان كلیپەكەیان نیشاندا. مەبەستی من یەكەمجار ناساندنی كەلتووری كوردییە، ئەمە جگە لە چێژ وەرگرتن لە گۆرانییەكە، چونكە یەكەمجار بوو گۆرانییەكی شادی لەو شێوەیە بڵێم.
رووداو: گۆرانییەكە وشەیەكی تێدایە "لۆركێ" ئەوە مانای چییە؟
ئەیوب عەلی: ئەو وشەیە خۆشم دڵنیا نیم لە چییەوە هاتووە، بەڵام من لە مامۆستا حەسەن زیرەكەوە گوێم لێبووە، حەزناكەم مانای وشەكە بە هەڵە بڵێم و پرسیارەكەشت زۆر قورس بوو، لەمەیان دەرنەچووم.
رووداو: بۆچی زۆربەی گۆرانییەكانت بۆنی دابڕان و خەم و ئازاری عاشقانەی لێدێت، ئایا ئەم گۆرانیانە گوزارشت لە ژیانی واقیعی ئەیوب دەكەن؟
ئەیوب عەلی: مەرج نییە ئەو گۆرانیانەی دەیانڵێم رەنگدانەوەی ژیانی خۆم بێت، لە ئەلبوومە تازەكەمدا زۆر تێكستی تێدایە پەیوەندی بە خۆمەوە نییە، چونكە تێكستی زۆر كەسم بەكارهێناوە، وەك جەبار حەبیب كە بەردەوام تێكستی جوان دەنووسێت و سەربەستیشی كردووم ئەگەر دەستكاری تێكستەكانی بكەم، مامۆستا ئەدیب چەلكی، كاك عارف چۆپان. من وا بیر دەكەمەوە دەنگی خۆم وەك ئامێرێك بەكاربهێنم، بۆ نموونە كلارنێتمان هەیە، ئەو كەسەی دەیژەنێ لەوانەیە لە مانگێكدا لە ئەلبوومی چوار گۆرانیبێژدا بیژەنێت، بەڵام هەر جارەو بە شێوازێك دەیژەنێت.
رووداو: ناوی ئەلبوومەكەت بێ سنوورە ئەو ناوە چ مەغزایەكی هەیە؟
ئەیوب عەلی: ئێستا هیچ سنوورێك بۆ گوێگرتن لە میوزیك نییە، كاتێك گوێگر گوێ لە موزیكێك یان گۆرانییەك دەگرێت گوێ بەوە نادات ئەم گۆرانییە كوردییە یان عەرەبیە یان هەر زمانێكی دیكەیە، ئەوەی لای خۆش بێت گوێی بۆ دەگرێت، كەواتە هیچ سنوورێك نییە، بۆ نموونە تۆ لەناو ئۆتۆمبێلەكەت سەربەستی گوێ لە چی دەگری، كەواتە تۆ هیچ سنوورێكت نییە بۆ گوێگرتن، تەنیا خۆشی و باشی كارەكان راتدەكێشێت بۆ گوێگرتن، هەر بۆیە منیش ئەو ناوەم هەڵبژارد.