رووداو دیجیتاڵ
بەناونیشانی "قەبارەی راستەقینەی ئەفریقا" پێشانگەیەکی هونەری، لە رۆژئاوای ئەڵمانیا کرایەوە، تێیدا هونەر و مێژووی کولتووری ئەفریقا دەخاتەڕوو.
پێشانگەکە کاری هونەریی هونەرمەندانی سەرتاسەری کیشوەری ئەفریقا لەخۆدەگرێت و لە ڤۆلکلینیەن ئایرۆن وۆرکس کراوەتەوە، ئەو ناوچەیە لەلایەن یونسکۆوە خراوەتە لیستی کەلەپووری جیهانییەوە و لە نزیک سنووری ئەڵمانیا و فەرەنسایە.
لە پێشانگەکەدا 26 کاری هونەریی لە شێوەی وێنەی فۆتۆگرافی، تابلۆی شێوەکاری، پەیکەر و ڤیدیۆ خراونەتەڕوو. رێکخەرانی دەڵێن، پێشانگەکە بۆ دۆزینەوەی ئەفریقایە و لەبارەی مێژووی کولتووری و نەریتە هزرییەکان ئەو کیشوەرەیە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دەیانەوێت لە رێگەی پێشانگەکەوە، سنوورێک بۆ "بە کەم سەیرکردنی" کیشوەری ئەفریقا دابنێن.
هونەرمەندانی نێجیریا، گانا، کۆنگۆ، سنیگال، باشووری ئەفریقا و کینایە و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا، لە پێشانگەکەدا بەشدارن.
یەکێک لە کارە هونەرییە دیارەکانی نێو پێشانگەکە، بەرهەمی هونەرمەند رۆمیۆ میڤاکنینە کە لە چەند وێنەیەک پێکهاتووە، لەوانەش رووخساری باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکانی بۆ دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
لە پێشانگەکەدا، بەرهەمی دوو هونەرمەندی کوبایی و بەریتانی بەرچاو دەکەون کە بە رەچەلەک ئەفریقایین.
پێشانگەکە تاوەکو 17ـی ئابی 2025 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ