رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد عەدەویە، هونەرمەندی میللیی میسری، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 79 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
هەواڵی کۆچی دوایی ئەو گۆرانیبێژ و ئەکتەرە، لەلایەن لەمیا راتب، کچی هونەرمەند ئەحمەد راتب بڵاوکرایەوە، دواتریش کوڕەکەی محەممەد عەدەویە بە وێنەیەکی لەگەڵ باوکیدا، کۆچی دوایی ئەو گۆرانیبێژەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راگەیاند.
ئەحمەد عەدەویە شەوی رابردوو 29ـی کانوونی یەکەمی 2024 کۆچی دوایی کردووە، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا هاوژینەکەی کۆچی دواییکرد.
ئەحمەد عەدەویە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کاری هونەری کرد و وەک هونەرمەندێکی میللی ناسرا، بەهۆی گۆرانییەکانییەوە ناوبانگییەکی زۆر لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا پەیداکرد.
ناوبانگیی لە بواری گۆرانیگوتندا؛ دەرگەی بە روویدا واڵاکرد و پێی نایە نێو دنیای سینەما و لە چەند فیلمێکی سەرکەوتوودا بەشداربوو.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بەشێکی جەستەی دووچاری ئیفلیجبوون بوو و بۆ ماوەیەکی درێژ لە کاری هونەری دوورکەوتەوە، لەو چەند ساڵەی دواییدا دووبارە دەرکەوتەوە و چەند بەرهەمێکی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ