كوردستان هۆلیوود و بۆلیوود كۆدەكاتەوە

رووداو- هەولێر

بوونی هەولێر بە پایتەختی گەشتیاریی عەرەبی بۆ ساڵی 2014، دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ و بەوهۆیەوە ئەستێرە بەناوبانگەكانی جیهان لە هەولێر كۆدەبنەوە.

فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە (رووداو)ی گوت” ساڵی نوێ بۆ هەولێر پڕ دەبێت لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كە فێستیڤاڵی شێوەكاری و سینەمایی و ئەدەبی و شانۆیی و چەندین فێستیڤاڵی دیكە لە هەولێر ساز دەكرێن”.

دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە لەو چوارچێوەیەدا چەند ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهانی بانگهێشتی هەولێر دەكرێن، فەرهەنگ گوتی “لە ئێستاوە ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی چەندین ئەكتەر و نووسەر و ئەستێرەی جیهانی داوەتی فێستیڤاڵەكانی هەولێر بكرێن، بیریش لەوە كراوەتەوە چەند ئەكتەرێكی هۆلیوود و بۆلیوود بانگهێشتی هەولێر بكرێن، جگە لە هونەرمەندە عەرەب و بیانییەكان”.