رووداو دیجیتاڵ
"Squid Game" زنجیرەیەکی لە بیرنەکراوە بۆ هۆگرانی بەرهەمە کۆرییەکان، جموجۆڵی ئەکتەرە بەشداربووەکان بە بایەخەوە باس دەکرێن، جۆنگ هۆیۆن یەکێک لە ئەکتەرە بەشداربووەکانی ئەو بەرهەمەیە و بۆ یەکەمجار لە زنجیرەیەک بە زمانی ئینگلیزی رۆڵ دەگێڕێت.
زنجیرەکە بەناوی "Disclaimer"یە و ترەیلەری بڵاوکراوەتەوە، ئێستا لە یەکێک لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم و زنجیرە بەردەستە.
لەم بەرهەمەدا کەیت بلانچێت، ئەکتەری ئوسترالی بەشدارە و رۆڵی کارەکتەری دەرهێنەرێکی ناسراوی بەڵگەفیلم دەگێڕێت، دوای ئەوەی چیرۆکێکی راستەقینەی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە بەدەست دەگات، دۆخی تێک دەچێت.
چیرۆکەکە باس لە دایکێکی گەنج دەکات کە لە ئیتاڵیا گەنجێک دەناسێت، کاتێک هەوڵی رزگارکردنی کوڕەکەی دەدات، گەنجەکە دەکەوێتە نێو ئاو و دەخنکێت، کاتێک پۆلیس پرسیاری لەبارەیەوە لێدەکات، بێ ئاگایی خۆی لەبارەی رووداوەکە پێشاندەدات و دەگەڕێتەوە لەندەن.
دوای ساڵانێک ئەو چیرۆکە و چەند وێنەیەکی تایبەتی خۆی و گەنجەکە دەخاتەڕوو . لەم بەرهەمەدا هۆیۆن رۆڵی هاوکارێکی دیکۆمێنتارسازەکە دەگێڕێت.
جۆنگ هۆیۆن، لەبارەی یەکەم ئەزموونی لە بەرهەمێک بە زمانی ئینگلیزی دەڵێت، ئەمە یەکەم هەوڵیەتی بۆ رۆڵگێڕان لە بەرهەمە هونەرییەکان بە زمانی ئینگلیزی و سەرەتا دڵەڕواکێی زۆری هەبووە بۆ گێڕانی رۆڵەکە و گەیاندنی هەستی کارەکتەرەکە وەک خۆی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، رۆڵی ئەو لە بەرهەمەکەدا کارەکتەری کچێکە لە کۆریای باشوور لەدایکبووە و ژیاوە، بەڵام لە بەریتانیا کار دەکات، وەک زۆربەی ئەو کەسە بیانیانەی لەو وڵاتە کار دەکەن و ئینگلزییەکی باش نازانن.
زنجیرەکە لە حەوت ئەڵقە پێکهاتووە و لە دەرهێنانی ئەلفونسۆ کوارۆن، دەرهێنەری مەکسیکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ