فیلمە چاوەڕوانکاراوەکەی فرانسێس فۆرد کۆپۆلا لە رووی داهاتەوە شکست دێنێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Megalopolis"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"Megalopolis" فیلمە چاوەڕوانکراوەکەی فرانسێس فۆرد کۆپۆلا، دەرهێنەری ئەمریکییە کە 120 ملیۆن دۆلاری بودجەکەیەتی، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەمادا؛ شکستی هێنا.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، تەنیا چوار ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە و لە ریزبەندی شەشەمی لیستەکەدایە.
 
دەرهێنەری فیلم لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە کاری بۆ ئەم فیلمە کردووە و بەم دواییە وێنەی گرتووە، وەک یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە سینەماییەکانی دەیناساند و خۆی بودجەکەی بۆ دابینکردووە.
 
"The Wild Robot" فیلمێکی خێزانییە و توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی هەفتە لەو کیشوەرە بێت کە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا لەخۆدەگرێت.
 
فیلمەکە ئەنیمەیشنە و لەلایەن رەخنەگرانی سینەماوە پێشوازی لێکراوە و بەرهەمی کۆمپانیای دریم وۆرکسە بۆ بەرهەمهێنانی ئەنیمەیشن، داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 35 ملیۆن دۆلارە.
 
"The Wild Robot" لە رۆمانێکی پیتەر براون وەرگیراوە و لە دەرهێنانی کریس سێندرێسە، کۆمپانیای یۆنیڤێرساڵ پیکچەرز بەرهەمی هێناوە.
 

فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" دوای ئەوەی سێ هەفتە ریزبەندی یەکەمی داگیرکردبوو، لەم هەفتەیەدا بەرەو ریزبەندی دووەم دابەزی و داهاتی 16 ملیۆن دۆلارە. داهاتی یەکەم هەفتەشی  110 ملیۆن دۆلار بوو.
 
"Beetlejuice Beetlejuice" بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Beetlejuice"یە و 36 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی یەکەم بەشیدا تێدەپەڕێت.
 
بەشی یەکەمی "Beetlejuice" لە 1988 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور هەشت ملیۆن دۆلار بوو، کۆی داهاتی لەو کیشوەرە گەیشتە 74 ملیۆن دۆلار.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برەزەرزە و لە جۆری بەرهەمەکانی کۆمێدیای رەش و ترسناکە.
 

جیف گۆلدستین، بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە لە کۆمپانیاکە رایگەیاند، بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 100 ملیۆن دۆلارە، پێشبینیکرابوو لە یەکەم هەفتەیدا 80 بۆ 90 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاڵۆوین، داهاتی زیاتر بەدەستبێنێت.
 
فیلمی "Transformers One" لە دووەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەمادا، لە ریزبەندی سێیەمدا هات و داهاتی نۆ ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە.
 
"Devara Part 1" فیلمێکی نوێیە، داهاتی یەکەم هەفتەی پێنج ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە و لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدایە.
 
فیلمی "Speak No Evil" لە سێیەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، لە ریزبەندی پێنجەمدا هات و داهاتی ئەم هەفتەیەی چوار ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە.
 
فیلمە بەهێزەکانی هۆلیوود کەمتر لە مانگی ئەیلوولدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور پێشاندەدرێن، چونکە لەو مانگەدا پشووی هاوین کۆتایی دێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە