هۆشیار کەریم ڤیدیۆیەکی بڵاونەکراوەی هونەرمەند شوکر خەیات بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا باری تەندروستیی هونەرمەند شوکر خەیات باش نەبوو و هەر بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و لە 27 ئەم مانگەدا، 40 رۆژ بەسەر کۆچی دواییدا تێپەڕی و هونەرمەند هۆشیار کەریم، بەم بۆنەیەوە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا بە نەخۆشییەوە گۆرانی دەڵێت.
 
وەک ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دیارە لە کۆبوونەوەیەکی خێزانیدا، هۆشیار کەریم، گۆرانیبێژ و ژەنیاری عود، ئامێری عود دەژەنێت و خەیات لە چینێکی دەنگیی نزمدا مەقام و گۆرانی دەڵێت و ئەو کاتە بووە کە باری تەندروستیی باش نەبووە.
 
هۆشیار کەریم، بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە کە لە سێ بەش پێکدێت، پێشاندانی توانای ئەو هونەرمەندە بووە لە گوتنی مەقام و گۆرانی لەو تەمەنە و لە کاتی نەخۆشیدا. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شوکر خەیات هاوڕێی باوکی بووە و پەیوەندییەکی خێزانی بەهێزیان هەبووە. 
 
روونیشیکردەوە، شوکر خەیات مەقامی رۆژهەڵاتی گوتووە کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و کورد، عەرەب، فارس و تورک تێیدا هاوبەشن، وەک بەیات، سێگا، چوارگا، راست و حیجاز، هەروەها ئەو مەقامانەی تایبەتن بە ناوچەی گەرمیان، لەوانە ئای ئای، قەتار، خاوکەر، خورشیدی، ئەڵاوەیسی و هۆمایۆن. گوتیشی، بەرهەمی هونەرمەندانی وەک عەلی مەردان و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی گوتووەتەوە.
 
هونەرمەند شوکر خەیات ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لەدایکبووە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات ناسراوە، لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسراوە، لە 1967 ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە. 
 
لە 1969 بە گۆرانی 'یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ناوبانگی پەیداکرد، لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە و لە 18ـی ئابی 2023 بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دواییکرد