رووداو دیجیتاڵ
مانگرتنی ئەکتەر و سیناریۆنووسانی هۆلیوود کە بووەتە هۆی دواخستنی بەشێک لە فێستیڤاڵ و رێوڕەسمەکانی دابەشکردنی خەڵاتەکانی سینەما و تەلەڤزیۆن، بەڵام نەیتوانی کۆنترین فێستیڤاڵی فیلم لە جیهاندا دوابخات کە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنسە لە ئیتاڵیا.
لە 80مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ڤێنس کە چالاکییەکانی ئەمڕۆ لە شاری ڤێنس دەستپێدەکات و تاوەکو 9ـی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام دەبێت، تەنیا چوار فیلمی هۆلیوود لە بەشی پێشبڕکێدان و بە گشتی 22 فیلم لە بەشی پێشبڕکێی سەرکیدان.
ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاوی ئەستێرەی سینەمایی لە لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵدان ئەویش، دێمیەن شەزال، جەین کامپیەن، مارتن مەکدۆنا و لۆڕا پۆیترەس کە براوەی خەڵاتی شێری زێڕینی خولی رابردووی فێستیڤاڵەکەیە.
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا فیلمی 'Maestro' لە نووسینی برادلی کۆپەر، 'Ferrari' لە دەرهێنانی مایکڵ مان و فیلمی 'The Killer' لە دەرهێنانی دەیڤد فێنچەر و فیلمی 'Origin' لە دەرهێنانی ئەیڤا دوڤێرنەی لە بەشی کێبڕکێدان.
لە دەرەوەی کێبڕکێدا، فیلمی دوو دەرهێنەری ناسراوی هۆلیوود هەن، ئەویش وۆدی ئاڵن بە فیلمی 'Coup de Chance' و رۆمەن پۆلانسکی بە فیلمی 'The Palace'.
ئەمساڵ 91 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فێستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فیستیڤاڵدا لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بەڕێوەدەچن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، فێستیڤاڵێکی ساڵانەی فیلمە و لە شاری ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد و ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای مانگی ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان نمایشدەکرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ