دوای 19 ساڵ ویڵ سمیس کار بۆ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی دەکات

30-07-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن ویڵ سمیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ویڵ سمیس، ئەستێرەی هۆلیوود، گرێبەستێکی واژۆکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی 19 ساڵە بەسەر دوایین ئەلبوومیدا.
 
گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای "SLANG" کراوە، جگە لە سمیس، ئەو کۆمپانیاییە گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی دیکەدا کردووە، دیارترینیان کار دی بی، راپەری ئەمریکییە.
 
واژۆکردنی گرێبەستەکە، لە دوای پێشکێشکردنی گۆرانییەکی ئەو هونەرمەندە لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی "بیت" دێت بەناوی "You Can Make It".
 
ویڵ سمیس، جگە لەوەی وەک ئەستێرەیەکی سینەمایی ناسراوە، وەک راپەر و گۆرانیبێژ چالاکی و بەرهەمی هەیە.
 

"You Can Make It" گۆرانییەکی نوێی سمیسە، دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر دوایین گۆرانیی و تێپەڕبوونی 19 ساڵ بەسەر دوایین ئەلبوومی بەناوی "Lost and Found" تێدەپەڕێت.
 
یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو ئەکتەرە "I Am Legend"ـە، دوای تێپەڕبوونی 16 ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانیدا، بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی درا.
 
ئەم بەرهەمە باس لە کۆنترۆڵکردنی شار لەلایەن زۆمبییەکانەوە دەکات، تێیدا کەسێک لەگەڵ سەگەکەی لە شارەکەدا ماون، بە رۆژ بە ئازادی هاتووچۆ دەکەن، چونکە زۆمبییەکان توانای ئەوەیان نییە بێنە بەر خۆر و رووناکی، بەڵام زۆمبییەکان شەوانە دێنە دەرەوە و هەر شتێک جوڵە بکات؛ هێرشی دەکەنە سەر.
 

بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە ئەکشن و دراماییە لە 2007 بڵاوکرایەوە، بودجەی بەرهەمهێنانی 150 ملیۆن دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 585 ملیۆن و 410 هەزار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا 256 ملیۆن و 393 هەزار دۆلارە.
 
چیرۆکی فیلمەکە لە رۆمانێک بە هەمان ناو وەرگیراوە، ریچارد ماسیسۆن نووسەریەتی و لە 1954 بڵاوکراوەتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر رۆبێرت نێڤڵ، زانای ڤایرۆسەکان لە سوپای ئەمریکا.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برۆسە، لە 1994 گفتوگۆ لەبارەی بەرهەمهێنانی کرا، بەڵام بەهۆی سیناریۆکەی کە بودجەیەکی گەورەی پێویست بوو، پڕۆژەکە دواخرا، دواتر لە 2006 بڕیاری بەرهەمهێنانی لە نیویۆرک درا، تەواوی دیمەنەکانی لەو شارە وێنەگیراون، یەکێک لە دیمەنەکانی لە نزیک پردی برۆکلین لەو شارە وێنەگیراوە، تەنیا ئەو دیمەنە تێچووەکەی پێنج ملیۆن دۆلار بووە.
 
ئەم بەرهەمە لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2007 بڵاوکرایەوە و لەلایەن رەخنەگرانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
 

یەکێک لەو رووداوانەی بەربەستی لە بەردەم ناوبانگی زیاتری ئەو ئەکتەرە دروستکرد، رووداوەکەی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی ئۆسکار بوو لە ئاداری 2022 کە زللـەیەکی لە کریس رۆک، پێشکێشکاری ئۆسکار دا و بەهۆیەوە ناڕەزایی زۆر دروستبوو و رەخنەی زۆری ئاڕاستەکرا.
 
هێرشی سمێس بۆ سەر رۆک، لە دوای توانجی کۆمێدیانەی ئەو پێشکێشكارە بۆ جادا پینکێت، هاوژینیی بوو، دواتر سمیس لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی لە کریس کرد، دواتریش چەند جارێکی دیکە داوای لێبوردنی کرد. 
 
بەهۆی ئەو رووداوە، ویڵ سمیس بۆ ماوەی 10 ساڵ لە هەموو چالاکییەکانی ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاو دوورخرایەوە، کار لەسەر ئەوە دەکرا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم گرێبەستیان بۆ بەشداریکردن لە فیلم لەگەڵیدا هەڵبوەشێننەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، لە ئایاری 2024 نوێترین فیلمی سمیس لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا، ئەویش بەشی دووەمی فیلمی "Bad Boys"ـە بەناوی "Bad Boys: Ride or Die".
 

بودجەی ئەم بەرهەمە 100 ملیۆن دۆلارە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 395 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە، لەو داهاتە 191 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بەدەستهێناوە، لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 203 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بەدەستهێناوە.
 
لە بەشی چوارەمی ئەو زنجیرە فیلمەدا، ویڵ سمیس و مارتن لۆرێنس رۆڵی سەرەکی دەگێڕنەوە و کۆمپانیای سۆنی پیکچەرز بەرهەمهێنەریەتی.
 
دوایین بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناوی "Bad Boys for Life" لە 2020 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکاندا 426 ملیۆن دۆلار بوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 90 ملیۆن دۆلارە.
 

ویل سمیس، لە 25ـی ئەیلوولی 1968 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەماییە، وەک راپەریش بەرهەمی هەیە، براوەی چەندین خەڵاتە، گرنگترینیان ئۆسکار، گرامی و گۆڵدن گڵۆب.
 
لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، سمیس ناوبانگییەکی زۆری وەک راپەر پەیداکرد، بەڵام ئەوکات ناوی فرێش پرێنس بوو، دواتر لەرێگەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Fresh Prince of Bel-Air" وەک ئەکتەرێک ناسرا کە لە شەش وەرز پێکهاتبوو، لە 1990 تاوەکو 1996 بەردەوام بوو، دواتر رووی لە سینەما کرد و لە چەند فیلمێکدا رۆڵی گێڕا.
 
ئەو ئەکتەرە لە 2014 وەک پڕداهاتترین ئەکتەر لە جیهاندا ناسێندرا و خاوەنی چەندین فیلمە کە داهاتیان لە سەرووی سەت ملیۆن دۆلارە.
 
لە 2006 گۆڤاری "تایم" ناوی لە لیستی "سەت کاریگەرترین کەسایەتی لە جیهاندا" بڵاوکردەوە، دوو ساڵ دواتر ناوی لە لیستی "75 کاریگەرترین کەسایەتی لە سەدەی 21ـدا" هات، تاوەکو 2021 داهاتی فیلمەکانی زیاتر لە نۆ ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
 

سمیس، لە 2001 لەرێگەی فیلمی "Ali" بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار کرا، تێیدا رۆڵی محەممەد عەلی کلای، یاریزانی بۆکسێنی گێڕا، دووەم فیلم بوو بەهۆیەوە بەربژێری ئۆسکار باشترین ئەکتەری سەرەکی کرا، ئەویش لەرێگەی فیلمی "The Pursuit of Happiness" بوو لە 2006.
 
پێشتر باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەگەر بێت و فیلمێک لەبارەی ژیانییەوە بەرهەمبێت، ئەو ویڵ سمیس بۆ ئەو رۆڵە پێشنیاز دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە