ئێریکا ئاش لە تەمەنی 46 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ

ئێریکا ئاش، ئەکتەری ئەمریکی کە لە رێگەی زنجیرەی “In Contempt” و “Real Husbands of Hollywood”  ناوبانگی پەیداکرد، بەهۆی نەخۆشییەوە؛ لە تەمەنی 46 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
ئەو ئەکتەرە رۆژی یەکشەممە 28ـی تەمموزی 2024 (بە کاتی ئەمریکا) لە لۆس ئەنجلس کۆچی دواییکرد، بەڕێوەبەری کارەکانیشی هەواڵەکەی پشتراستکردەوە و هۆکاری مردنەکەی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە گەڕاندەوە.
  
دایان، دایکی ئەو هونەرمەندە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هەست بە خەمێکی قوڵ دەکەین بۆ راگەیاندنی مردنی کچ، خوشک و هاوڕێ خۆشەویستەکەمان، ئێریکا شانتال ئاش (1977-2024). دوای شەڕێکی درێژخایەن و بوێرانە لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە".
 
ئەو ئەکتەرە جگە لە رۆڵگێڕان لە ژمارەیەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، لە چەندین فیلم و بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا بەشداربووە. هەروەها بە دەنگیش لە کورتە زنجیرەی ئەنیمەیشنی "Aquaman: King of Atlantis"ـدا رۆڵی گێڕاوە.
 
ئێریکا ئاش لە فیلمی "Kristy"، "Horror Noire"، "Uncle Drew"، "Violet" و " We Have a Ghost" رۆڵی گێڕاوە.