شەیما زەهاوی لە ئەڵمانیا جلوبەرگی کوردی دیزایین دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شەیما حوسێن جەمال کە بە شەیما زەهاوی ناسراوە، وەک دیزاینەرێک لە ئەڵمانیا جلوبەرگی کوردی دیزاینی دەکات و ئاماژە بپ ئەوەدەکات، جگە لە کورد، ئەو جۆرە جلوبەرگە لەلایەن عەرەبیشەوە داوا دەکرێت.
 
شەیما زەهاوی، خەڵکی خانەقینە و لە 2006ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە، هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بووە و ئێستا کاری سەرەکیی دیزایینی جلوبەرگی کوردییەوە و بووەتە سەرچاوەی داهاتی، لەبارەی کارەکەیەوە میوانی بەرنامەی 'دیاسپۆرا'ـی رووداو بوو.
 
ئەو دیزاینەرە کوردە، بەرهەمەکانی لە ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەخاتەڕوو و دەڵێت، نرخی گرانترین جلوبەرگی کوردی کە دیزایینی بکات، 200 یۆڕۆیە.
 
لەبارەی جۆر و شێوازی پڕفرۆشی جلوبەرگی کوردی، زەهاوی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەلای ئەو کراسی کوردی سۆرانی خانمان پڕفرۆشترینە و جگە لە خەڵکی باشوور، خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوای دەکەن.
 
لە دیاسپۆردا بایەخ بە مژارە ئەوروپییەکان دەدرێت کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و رۆژھەڵاتی نێوەڕاست ھەبێ و ئەو مژارانەی جێگەی بایەخی رەوەندی کوردن. شۆیەکە لە کۆمەڵێک دۆسێ پێکدێت کە جگە لەوەی پاکێجی بۆ ئامادەدەکرێت، میوانیشی بۆ دەھێندرێت. بایەخی تایبەتیش بە توانا مرۆییەکانی رەوەندی کوردی لە ئەوروپا دەدات، هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشکاریەتی و سابیر یاسین، پرۆدیوسەر.