نەڤید زەردی بۆ رووداو: کۆنسێرتەکەی ئەمڕۆم خۆڕاییە

رووداو – هەولێر

نەڤید زەردی، هونەرمەندی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان زنجیرە کۆنسێرتێکی لە باشووری کوردستان دەستپێکردووەو لە رۆژانی رابردوو لە هەولێر و سلێمانی کۆنسێرتەکانی بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا، ناوبراو رایدەگەیەنێت کە ئەمڕۆ لە سۆران و سبەی لە شاری دهۆک کۆنسێرتەکانی بەردەوام دەبن، خەڵکیش دەتوانن بە خۆڕایی بچنە نێو کۆنسێرتەکان.

نەڤید زەردی بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، کە دڵخۆشە بە سەرکەوتنی کۆنسێرتەکانی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی، دەشڵێت، "داهاتی ئەو دوو کۆنسێرتە بەشێکی دەبەخشم بەنەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، بەشێکی دیکەشی بۆ کەسوکاری پێشمەرگەو پارێزەرانی کوردستان دەبێت".

ئەو هونەرمەندە گەنجە کە خاوەنی 3 ئەلبومی گۆرانی و نزیکەی 10 ڤیدیۆ کلیپە، دەڵێت "ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنفڕانس لە سۆران و سبەی لە هۆڵی کۆنگرەکان لە شاری دهۆک کۆنسێرتەکانم بەردەوام دەبن، لەم دوو شارە بەخۆڕایی کۆنسێرت ئەنجامدەدەم و هاتن بۆ هەمووانە".

نەڤید زەردی دەبێتە یەکەم هونەرمەندی گەنج لە دوو ساڵی رابردوودا بتوانێت زنجیرەیەک کۆنسێرت بە دوای یەک لە شارەکانی باشووری کوردستان ئەنجام بدات، زەردی لەوبارەیەوە دەڵێت، "خەونەکانم بوون بە راستی".