زیندانییەکی سیاسی باسی لەسێدارەدانی قادر کابان بۆ رووداو دەکات

30-06-2024
پەسار فایەق
هونەرمەند قادر کابان
هونەرمەند قادر کابان
نیشانەکردن قادر کابان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەشتی ئەحمەد سەڵتە، یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانەی رۆژگارێک لە بەشی لەسێدارەدانی گرتووخانەی ئەبوغرێبدا بووە، لە پۆدکاستێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لەسێدارەدانی قادر کابان، هونەرمەندی ناسراوی کورد دەکات کە هەتا ئێستاش بێسەروشوێنە و گۆڕەکەی نادیارە.
 
دەشتی سەڵتە چیرۆکەکە لەزاری بەندکراوێکی عەرەبەوە دەگێڕێتەوە کە لە نزیکەکانی ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق بووە.
 
بەکر لە 16ی تەمووزی ساڵی 1979ـدا بە کودەتایەک لەلایەن سەددام حسێنی جێگرییەوە، لە هەموو پۆست و بەرپرسیارییەک دوورخرایەوە و نزیکەکانیشی کەوتنە بەر هەڵمەتی گرتن و کوشتن و راوەدوونان.
 
ئەو بەندکراوە عەرەبە کە دەشتی ئەحمەد دەڵێت ناوی (ئەبوزەین) بووە، لە هاوینی 1979ـەوە لە بەشی لەسێدارەدانی ئەو گرتووخانەیەدا چاوەڕێی یەکلابوونەوەی چارەنووسی بووە.
 
لە پۆدکاستی "یادەوەرییەکانی دۆزەخ" دا کە لەلایەن رۆژنامەڤان سەلام سەعدی پێشکێش دەکرێت، دەشتی ئەحمەد باسی ئەزموونی چوار مانگ و نیوی خۆی لەو بەشەی گرتووخانەی ئەبوغرێب دەکات کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1985ـدا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و لە بەهاری 1986ـدا ئازاد کراوە.
 
دەشتی ئەحمەد جگە لە بیرهێنانەوەی چیرۆکە دڵتەزێنەکانی ئەوێ، باسی ئەوە دەکات کە ئەبوزەین رۆژێک باسی قادر کابانی هونەرمەندی بۆ کردووە و پێیگوتووە کە کابانی هونەرمەند پێش ئەوەی سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ بکرێ، لە ژووری ژمارە حەوتی ئەو بەشەدا بووە.
 
وەکو دەشتی دەڵێت، دواتر لە زاری دوو بەندکراوی عەرەبی سەر بە حیزبی شیوعییەوە بیستوویەتی کە ئەبوزەین لە ساڵی 1988 دا سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە.
 
عەبدولقادر جەلال مەحموود، ناسراو بە قادر کابان، رۆژی 28/2/1981 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە سلێمانی دەستگیر کرا و بێسەروشوێن بوو. 
 
کاروان قادر کابان، کوڕی ئەو هونەرمەندە، پێشتر رایگەیاندبوو، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی پاش رووخاندنی رژێمی بەعس دەست خەڵک کەوتوون، لەوانەش ئەو وەفاتنامەیەی بۆ کابانی هونەرمەند کراوە، رۆژی 1/7/1981 لە کاژێر شەشی بەیانی لەسێدارە دراوە. 
 
قادر کابان، برای بچووکی هونەرمەندی کۆچکردوو کەریم کابان، لەدایکبووی ساڵی 1937ی شاری سلێمانی بوو، ئەو بەرهەمانەی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی تۆماری کردوون، هەتا ئێستاش زیندوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە