ماڵی میوزیکی زەهاوی کۆنسێرتێک لە قەڵای هەولێر سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

ماڵی میوزیکی زەهاوی، کۆنسێرتێک لە قەڵای هەولێر بۆ هۆگرانی دەف و ئامێرە ریتمییەکان سازدەکات، تێیدا گرووپی دەفژەنانی سەرمەست بە سەرپەرشتی عەسەل مەلەکزادە، دەفژەنی ئێرانی و گرووپی میوزیکی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتی هەژار زەهاوی، ژەنیاری دەف و سەرۆکی ماڵی میوزیکی زەهاوی، چەند بەرهەمێک پێشکێش دەکەن.
 
کۆنسێرتەکە کاژێر 8ـی ئەمشەو پێنجشەممە 30-6-2022، لە دوو بڕگەی جیاوازدا سازدەکرێت و ئەو دوو گرووپە بەرهەمەکانیان پێشکێش بە ئامادەبووان دەکەن. 
 
گرووپی سەرمەست لە 90 ژەنیاری دەف پێکهاتووە و تێكرایان لە رەگەزی مێن، بەڵام تەنیا 10 دەفژەنیان لە کۆنسێرتەکەدا ئامادە دەبن.
 
هەژار زەهاوی و عەسەل مەلیکزاد، لە 2018 بەرهەمێکی دویتیان بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە کە لە ئیتاڵیا و کۆپییەکی دیکەی لە تورکیا وێنەگیراوە و یەکەم بەرهەمی دوێتی دەفە لە نێوان هونەرمەندی ژن و پیاودا و کاری هاوبەشی ئەمجارەیان لە کۆنسێرتی ماڵی میوزیکی زەهاوییە.
 
هەژار زەهاوی لە 4 تشرینی دووەمی 2021 لەرێگەی کۆنسێرتێکەوە و بە بەشداری هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ماڵی میوزیکیی زەهاوی راگەیاند.
 
ماڵی میوزیکیی زەهاوی لەگەڵ سازکردنی کۆنسێرتەکان، وۆرکشۆپ و ماستەر کڵاس بۆ گەنجانی هەولێر و هۆگرانی میوزیک سازدەکات و بە هونەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیهان ئاشنا دەکرێن.
 
هەژار زەهاوی ناوی تەواوی حوسێن زەهاوییە، ساڵی 1980 لە خانەقەینی باشووری کوردستان  لە دایکبووە، لە 1990 لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە بەریتانیا و هەر لەو ساڵە بە ئامێری دەف ئاشنا بووە، ئێستا لە لەندەنی بەریتانیا دەژی و بەشێکی زۆر لە پڕۆژە هونەرییەکانی لە باشووری کوردستان بەرهەمدێنێت و پێشکێشی دەکات.
 
زەهاوی ژەنیاری ئامێرە ریتمییەکانە و بەکالۆریۆسی ئیتنۆموزیکۆلۆژی لە زانکۆی ساواسی لەندەن وەرگرتووە و پرۆژەی زانکۆکەشی لەبارەی هەڵپەڕکێی کوردی بووە.
 
ئەو دەفژەنە کوردە، وەک پێشکێشاری بەرنامەی هونەری، لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کاریکردووە، لەوانە بەرنامەی 'ئاوازی جیهان' و 'ئاوازی زەهاوی'.
 
لە 20-06-2019 هەژار زەهاوی لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی جیهانی، کۆنسێرتی 'شارەکانی نێرگز'ـی لە قەڵای هەولێر سازکرد، کۆنسێرتەکە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو و هەوڵێک بوو بۆ ناساندنی زیاتری ئەو قەڵایە لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
زەهاوی دامەزرێنەری گرووپی نیشتمانە کە لەلایەن رووداو چالاکییەکانی سپۆنسەری دەکرێن و شەش ئەندامی هەیە، خاوەن چەندین بەرهەمە و لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا میوزیکی کوردی پێشکێشکردووە.
 
لە 2014 تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێکی لەبارەی ئەو هونەرمەندە کوردە بەناوی 'هەژار زەهاوی' بەرهەمهێناوە و لە لەندەن و هەولێر وێنەگیراوە.