ئیبراهیم تاتڵیسەس بە رەچەڵەك خەڵكی باشووری كوردستانە

30-06-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن ئیبراهیم تاتڵیسەس
A+ A-
رووداو – هەولێر

ماڵی هونەر، لەلایەن شكار مامەند و محەممەد عەبدوڵڵاوە خاوەندارێتی دەكرێت، شكار پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ماڵباتی تاتڵیسەس هەیە، هەر ئەویش براكەی ئیبراهیمی بۆ هەولێر بانگهێشت كردووە، شكار و حوسێن تاتڵی لە هەڤپەیڤینێكی كورتدا لەگەڵ (رووداو) باسی چەند لایەنێكی ژیانی ئیبراهیم تاتڵیسەس دەكەن.

ئیبراهیم تاتڵیسەس لە 1/1/1952 لە شاری ئورفای باكووری كوردستان لە ماڵباتێكی كوردی لەدایك بووە، بەڵام زۆرتر لە شارە توركییەكان بە تایبەتیش ئیستەنبوڵ ژیاوە و هەر بە توركیش قسەی كردووە و گۆرانیەكانی تۆمار كردوون، بۆیە زیاتر وەك هونەرمەندێكی تورك دەناسرێ.

ئیبراهیم تاتڵیسەس خاوەنی زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانییە و بە ئیمپراتۆڕی هونەری گۆرانیی توركی ناسراوە. بەشداری چەندین فیلمی كردووە. ئەو جگە لە كاری هونەری سەرقاڵی كاری بازرگانیش بوو. تاتڵیسەس لەساڵی 2011 لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بوو، بەڵام بەشێكی جەستەی لەكاركەوت و تاوەكو ئێستاش چارەسەری وەردەگرێ كە دوایینیان نەشتەرگەرییەك بوو لە ئەمریكا.

حوسێن تاتڵیسەس كە 20 ساڵ لە ئیبراهیم بچووكترە، باسی رەوشی تەندروستیی براكەی دەكات و دەڵێت "ئیبراهیم ئێستا تەندروستی زۆر جێگیرە و لە شاری ئەنقەرە چارەسەری پزیشكی وەردەگرێ، برایەكم بە ناوی مەحموود لەگەڵێتی و ئاگاداریەتی".



"خەڵكی باشووری كوردستانین"

مەسەلەی كوردبوون یان توركبوونی ئیبراهیم تاتڵیسەس قسەی زۆری لەسەر دەكرێ، میدیا كوردییەكان بە كورد ناوی دەبەن و لەلایەن توركەكانیشەوە بە تورك ناوی دەهێنرێ‌.

هەرچەندە ئیبراهیم تاتڵیسەس خۆی پێشتر گوتوویەتی كە ئەو لە باوكێكی تورك و دایكێكی كورد لەدایك بووە، بەڵام حوسێنی برای قسەی تازە لەوبارەیەوە دەكات و دەڵێت "باپیرانم لە باشووری كوردستانەوە چوونەتە توركیا، واتە باوكم بە رەچەڵەك خەڵكی باشووری كوردستانە و دایكم خەڵكی ئورفەیە، ئێمە بە رەچەڵەك كوردی ئێرەین".

باوكی ئیبراهیم لە ژیاندا نەماوە، بەڵام دایكی ماوە و لەلای حوسێن لە ئیستەنبوڵ دەژی. حوسێن دەڵێت "دایكم ماوە ماوە چاوی بە ئیبراهیم دەكەوێت و دوعای زوو چاكبوونەوەی بۆ دەكات. تەندروستی خۆشی لە چاو تەمەنی زۆر جێگیر و باشە".

شكار مامەند كە چەندین ساڵە پەیوەندی لەگەڵ خێزانی تاتڵیسەس هەیە، دەڵێت "تاتڵیسەس كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2005 هاتە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا داوای لە رۆژنامەنووسان كرد پرسیاری كوردبوونی لێنەكەن، چونكە لەتوركیا كێشەی بۆ دروستدەبێت، ئەوە بوو رۆژنامەنووسان ئەو بابەتەیان ئەوكات گەورە كرد. ئیبراهیم هەرگیز نكۆڵی لە كوردبوونی خۆی نەكردووە، هەموو دونیاش دەیزانی كە ئەو كوردە، بەڵام ئەو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیادا هەیە، بۆیە نەیدەویست كێشەی بۆ دروست بێت".



كێشەی تاتڵیسەس و روشدی سەعید

ماوەیەك ئیبراهیم تاتڵیسەس وەك دەموچاوی رێكلامی كارە بازرگانییەكانی روشدی سەعید، خاوەنی كۆمپانیای عادل ئەلموتەحیدە دەردەكەوت و چەندین رێكلامی بۆ پرۆژەی دەشتی بەهەشت كرد. بەڵام دواتر كێشە كەوتە نێوانیان.

حوسێن تاتلی، سەبارەت بە پەیوەندی نێوان تاتڵیسەس و روشدی سەعید دەڵێت "پەیوەندییەكەیان بە كێشە كۆتایی هات. پارەیەكی زۆری تاتڵیسەس كەوتە لای دكتۆر روشدی. ئیبراهیم لە دادگا سكاڵای یاسایی لە دژی تۆماركرد، كەیسەكەشی بردەوە، بەڵام ئاگادار نیم كە پارەكەی داوەتەوە یان نا".



گۆرانی بە شێوەزاری سۆرانی دەڵێت

حوسێن تاتڵی سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ شاری هەولێر گوتی "زۆر حەزم دەكرد هەرێمی كوردستان ببینم و سەردانی بكەم، لەگەڵ خاوەنی ماڵی هونەر كاك شكار پەیوەندی زۆر باشم هەیە، ئەوە بوو منی بانگهێشت كرد و لە ماڵی هونەر ئاهەنگێكی گۆرانیم سازكرد، زۆر سوپاسیان دەكەم".

حوسێن باسی كارە هونەرییەكانی خۆی كرد و گوتی "ئەلبوومێكی گۆرانیم ئامادەیە كە گۆرانی بە زمانی كوردیشی تێدایە. جگە لەوەش یەكێك لە گۆرانییەكانم بە شێوەزاری سۆرانییە. بەنیازم ئەلبوومەكەم لە دوای مانگی رەمەزان بڵاوبكەمەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە