رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکانی دیداری نێودەوڵەتیی سینەمایی بۆ فیلمی ئەنیمەیشن لە کەرکووک بەرەو کۆتایی دەچێت، دیزاینی پۆستەرەکان کراون و سەرۆکی دیدارەکە و ستافەکەی، چاپی دەکەن و دەیبەنە هۆڵی دیدارەکە. لە دیدارە نێودەوڵەتییەکەدا لە ماوەی سێ رۆژدا 25 فیلمی ئەنیمەیشن پێشاندەدرێن.
جگە لە پێشاندانی فیلم و هەڵسەنگاندنیان، پانێڵ و کۆڕی رەخنەیی لەو نێوەندەدا پێشکێش دەکرێن.
دیداری فیلمی ئەنیمەیشن لە هۆڵی سینەمای تایم سەنتەر مۆڵی کەرکووک، بە بەشداری دەیان میوانی نێوخۆیی و بیانی لە رۆژانی 29 تاوەکو 31ـی ئایاری 2024 بەسپۆنسەری میدیایی، تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت.
سەردار زەنگەنە، سەرۆکی دیدارەکە بە رووداوی راگەیاند، دیدارەکە سێ رۆژە، لە یەکەم رۆژدا 10 ئەنیمەیشن و لە دووەم رۆژدا 15 ئەنیمەیشن پێشاندەدرێن، سێیەم رۆژیش بە گەشتێک بۆ شەقڵاوە و دەورووبەری کۆتایی دێت.
لە دیدارەکەدا جگە لە ژمارەیەک فیلمی نێوخۆیی، هاوکات فیلمی ئەنیمەیشنی بیانی پێشاندەدرێن،
کورتە فیلمی "قەلەڕەش"، یەکێکە لە بەرهەمەکانی دیدارەکە کە رکابەری بۆ بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.
وڵات عەبدوڵڵا، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، دەڵێت، چیرۆکی فیلمەکەی لەبارەی رۆڵی پێشمەرگەیە لە ئازادکردنی موسڵ لە دەستی داعش.
لە میانەی دیدارەکەدا، دوو کتێبی تایبەت بە فیلمی ئەنیمەیشن چاپکراون و بڵاو دەکرێنەوە، وەزارەتی رۆشنبیری عێراق پشتیوانی دارایی دیدارەکە دەکات، بۆیە خەڵاتی براوەکانیش دەکرێ،
پلەی یەکەم 750 هەزار دینار، دووەم 500 هەزار دینار و سێیەم 250 هەزار دینارە.
سێیەم رۆژی دیدارەکە تایبەتکراوە بە گەشتێکی بەشداربووانی بۆ هاوینەهەوارەکانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ