نەجمەی غوڵامی: سەرقاڵی تۆماركردنی گۆرانییەكم بۆ كۆڵبەران

30-05-2019
کاوان سەلامی
نیشانەکردن نەجمەی غوڵامی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

شەوی نەورۆزی ساڵی 1958 لە گەڕەكی گوڵشەن لە شاری سنە لەدایكبووە. باوكی  دوو كوڕە بە ناوەكانی (هێرش و هێژا). دوای شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێران، چەند سروودێك تۆمار دەكات، ئیدی ناچار دەبێ‌ سنە جێبهێڵێ‌ و روو لە شاخ بكات. نەجمەی غوڵامی پێشمەرگەی كۆمەڵە بوو، بەڵام دەڵێت ئێستا پەیوەندی بە هیچ حیزب و رێكخراوێكی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە نەماوە. لەم هەڤپەیڤینەدا كە رادیۆی (رووداو) لەگەڵیان كردووە، باس لە دوایین كار و پرۆژەكانی خۆی دەكات.

رووداو: تۆ بەهۆی پێشمەرگایەتی رۆژهەڵاتی كوردستانت جێهێشت، هونەر چۆن هاتە نێو ژیانی تۆوە؟

نەجمەی غوڵامی: من هەر لە سەرەتای منداڵیمەوە بەهۆی ئەوەی باوكم و مامم دەنگیان خۆش بوو، لە میوانییەكانی ماڵی خۆمان دادەنیشتن و گۆرانییان دەگوت. لەوێوە خولیای گۆرانیگوتن بووم. گۆڕەپانێكی وەرزشی لە تەنیشت ماڵمان بوو، دارچنارێكی بەرزی لێبوو، دەچوومە سەر دارچنارەكە و گۆرانیم دەگوت، ئیدی هەموو خەڵكەكە گوێیان لێدەبوو. لە تەمەنی 14 -15 ساڵی چووم بۆ رادیۆ و تەلەفزیۆنی سنە، لەو كاتەوە ئیدی تاوەكو ئێستا بەردەوامم. كاتێكیش شۆڕشی گەلانی ئێران هەڵگیرسا، كاسێتێكی سروودم بڵاوكردەوە. ئیدی ئەو بەرهەمە وایكرد كە نەتوانم لە شاری سنە بمێنمەوە و رووم لە شاخ كرد و چوومە ریزەكانی كۆمەڵە. بەڕاستی ئەوە ئەزموونێكی باش بوو، هەرچەندە ئێستا من لەگەڵ هیچ حیزب و رێكخراوێك نیم.

رووداو: یەكەم كارت چی بوو كە بڵاوبووەوە و پێی ناسرای؟

نەجمەی غوڵامی: یەكەم بەرهەمم لە كۆشكی لاوان لە سنە تۆمار كرد، ئەویش گۆرانیی (نەخۆش و مەستی دوو چاوی كاڵم) كە لە ئاوازی خۆم بوو. 

رووداو: خێزانت چۆن پێكهێنا؟

نەجمەی غوڵامی: لەگەڵ هاوژینەكەم كە كچی خاڵی خۆمە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا پەیوەندی لە نێوانمان دروست بوو، دوای ئەوە خێزانمان پێكهێنا. دوو كوڕمان هەیە، هێرش لە سنە لەدایك بوو. هێژاش لە شاری سلێمانی.
  
رووداو: كاری هونەری گرفتی خێزانی بۆ دروست نەكردووی؟

نەجمەی غوڵامی: ئەوەی لەگەڵ هونەرمەند دەژی دەبێ‌ دڵی زۆر فراوان بێ‌. بە خۆشحاڵییەوە هەتا ئێستا هاوژینەكەم و منداڵەكانم پاڵپشتم بوون. جاری وا هەبووە بە دوو مانگ لێیان دوور بووم، بە خۆشحاڵییەوە هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەكردووم، بە پێچەوانەوە پشتگیریشیان كردووم.

رووداو: وەك ئاماژەت پێدا بەهۆی سروودێكەوە رۆژهەڵاتی كوردستانت جێهێشت و هاتیت بۆ باشووری كوردستان، دواتر چوویت بۆ تاراوگە، چۆن بوو ژیانی تاراوگەت هەڵبژارد؟

نەجمەی غوڵامی: من بە خواستی خۆم هەندەرانم هەڵنەبژارد، هاوژینەكەم نەخۆشیی دڵی هەبوو. دكتۆرەكان بڕیاریاندا بچێتە دەرەوە بۆ چارەسەر، ئەگینا گیانی دەكەوێتە مەترسییەوە. لە ئەوروپا نەشتەرگەریی دڵیان بۆ كرد. بۆیە بە ناچاری هەندەرانم هەڵبژارد، ئێستاش دڵم هەر لەلای وڵاتە. 

رووداو: جگە لە هونەری گۆرانی، بە چ بوارێكی دیكە سەرسامی؟

نەجمەی غوڵامی: حەزم لە دونیای شیعرە، بۆیە بۆ گۆرانییەكانم شیعری بەپێز هەڵدەبژێرم. تاڕاددەیەكیش توانیومە هەندێك هەڵبەست بۆ گۆرانییەكانم بنووسم. 

رووداو: كاتێك بێ تاقەتی حەز دەكەی گوێ‌ لە دەنگی كام گۆرانیبێژ بگری؟

نەجمەی غوڵامی: لەگەڵ رێزم بۆ گۆرانبێژە تازەكان كە بەرهەمی جوانیان هەیە، بەڵام زۆر و بۆریش هەیە، بەڵام زۆرتر هونەرمەندانی كلاسیك ئارامیم پێدەبەخشن. 

رووداو: لە هونەرمەندانی گەنج كێ‌ هەیە كە پێتوایە دواڕۆژێكی باشی دەبێ‌؟ 

نەجمەی غوڵامی: زۆرن، ئێستا لە خەیاڵمدا نییە كامیان. بەڵام پێویستە ئەوان سوود لە ئەزموونی رابردووی ئێمە وەربگرن. هەرچەندە داگیركەرانی كوردستان ئێستا هەوڵ دەدەن كولتوور و گۆرانی ئێمە بشێوێنن. لە باشووری كوردستان هەندێك شوێن وەكو كافتریا و چایخانە بەناوی كەسانێك كراون كە خزمەتی داگیركەرانی كوردستانیان كردووە. بەردەوامیش گۆرانییەكانی ئەوان لێدەدەن. هیوادارم ئەو دیاردە ناشیرینە نەمێنێ‌. 

رووداو: جگە لە گۆرانی كوردی، گوێ لە گۆرانیی توركی، عەرەبی و فارسی ناگری؟

نەجمەی غوڵامی: گوێ‌ لە گۆرانیی توركی ناگرم، بەڵام گوێ‌ لە گۆرانیی فارسی، ئینگلیزی و عەرەبی دەگرم. تورك ئەوەندە زوڵمیان لە كورد كردووە، دڵم بەرایی نادات گوێ لە گۆرانیی توركی بگرم. لێرەوە داوا لە میدیاكان دەكەم خزمەتی هونەری راستەقینە بكەن، چونكە داگیركەرانی كوردستان خەریكە كولتوورەكەمان دەشێوێنن. بە داخەوە هەندێك لە میدیاكان شتی بێگانە بڵاودەكەنەوە. هەوڵ بدەن شتی خۆمان پێشكەش بكەن.  

رووداو: لەگەڵ وەرزش چۆنی؟

نەجمەی غوڵامی: زۆر باشم، لە هەفتەیەكدا پێنج رۆژ و رۆژانە سێ‌ سەعات وەرزش دەكەم.

رووداو: چ كارێكی هونەریت بە دەستەوەیە؟

نەجمەی غوڵامی: كارێكم بۆ رامین حوسێن پەناهی كردووە، هێشتا بڵاونەبووەتەوە، ماوەی پێشتر كارێكم بۆ هەڵەبجە كرد كە لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بڵاوكرایەوە. كارێكی زۆر گرنگ كە پێوەی سەرقاڵم، كارێكە بۆ كۆڵبەران. خۆت دەزانی كۆڵبەران لە چ مەینەتییەكدا دەژین. هەڵبەستەكەش خۆم نووسیومە. ئاوازەكەشی هەر خۆم دامناوە. 

رووداو: چی وای كردووە گۆرانیی من و سنە وا بە نەمری بمێنێتەوە.

نەجمەی غوڵامی: لەو گۆرانییەدا هەموو هەستم بەكارهێناوە، زۆر بێتاقەت بووم بۆ سنە، بیرم لە كۆڵانەكانی دەكردەوە، بیری هاوڕێكانم دەكرد. دیارە ئەو گۆرانیانەی پڕ بە پڕی هەستم گوتوومن، ئاوا گوڵیان كردووە. ئێستاش دەچمە هەر شوێنێك داوای ئەو گۆرانییەم لێدەكەن. گۆرانییەكە لە هەڵبەست و ئاوازی خۆمە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە