بۆكۆ حەرام

ئەو 200 كچەی ئەبوبەكر شیكۆ سەرۆكی رێكخراوی بۆكۆ حەرام رفاندنی، هیچ تاوانێكیان نەبوو. تاكە تاوانی ئەوان ئەوە بوو كە مێیینە بوون و ئارەزووی خوێندنیان دەكرد. 200 سەر كچ بۆ فرۆشتن كۆمیدیایەكی رەشە. هەر سەرەی بە 12 دۆلار لە ژێر دروشمی جیهاد لە پێناوی خودا لە بازاڕدا هەڕاج دەكرێن.   

ئەبوبەكر شیكۆ سەركردەی بۆكۆ حەرام لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە شانازییەوە باسی لەو كچانە دەكرد و دەیگوت خوێندن حەرامە، بەتایبەتی بۆ مێیینە، كچە تەمەن 9 ساڵەكان لە بازاڕ دەفرۆشم و ئەوانەشی تەمەنیان گەیشتووەتە 12 ساڵ دەیانكەمە ژنی خۆم. گوتی ئەو كچانەی رفاندوومن بەپێی شەرع مامەڵەیان لەگەڵ دەكەم و دەیانفرۆشم، دەبێ پەروەردەی رۆژئاوایی لە نایجیریا نەمێنێ و كچان واز لە خوێندن بێنن و شوو بكەن.

تۆ بڵێی شیكۆ و هاوشێوەكانی مرۆڤ بن؟ چۆن ئایينێك كە بۆ خۆشبەختیی مرۆڤ و قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوە ژیان هاتبێتە خوارەوە، ئەوان بەم شێوەیە بۆ سوودی خۆیان بەكاری دەهێنن؟ خودای گەورە وەكیلی بۆخۆی لەسەر زەوی دانەناوە تا تاكە خەمیان سووكایەتی بێت بە مەخلوقەكانی خودا. من تێناگەم بۆ بەشێك لە ئیسلامیەكان پێیانوایە ژن  تووشی لاوازیی دەروونییان دەكات، رۆژانە فەتوای سەیر و سەمەرە دژ بە ژنان دەردەكەن. وا دەزانن ژن لە جنسی شەیتانە و هەمیشە ئیشارەتی حەز و ئارەزووی سێكسی دەنێرێ بۆ پیاوان و هەرگیز تۆبە ناكات. بۆیە پێویستی بە حیجاب و خەتەنە هەیە. بۆ كپكردنی ئارەزووەكانی و كوشتنی لایەنە ئینسانیەكانی، بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی پێیان باشە ژن فێری چێشت لێنان و دروومان و پەروەردەكردنی منداڵ بێت و حیجاب و نیقابیشی پێش هەر شتێك بێت لە ژیانیدا بۆئەوەی گوایە فیتنە لە نێو كۆمەڵ نەنێتەوە.

زۆربەی گرووپە ئیسلامییەكان خاوەنی ئەو بیرۆكەیەن و ئەگەر ژینگەیەكی گونجاوی وەك ئەوەی نایجیریا و ئەفغانستانیان بۆ هەڵبكەوێ هەمان شت دەكەن. ئیخوانەكانی میسر ماوەی هەشتاو چوار ساڵ وەك رێكخراوێكی مەزڵووم و میانڕەو خۆیان نمایش دەكرد، لەسەردەمی جەمال عبدولناسر و سادات و موبارەك سنگیان بە خوێن بوو، كە گەیشتنە كورسی دەسەڵات دەستیان بە خوێن بوو، ئەوە قسەی ئیخوانییەكی میانڕەوە. بۆكۆ حەرام و هاوشێوەكانیان مەترسین بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ژنان، هەرچەندە ئێستا هەوڵێكی نێونەتەوەیی هەیە بۆ ئازادكردنی ئەو كچانە، بەڵام ئازادیی ئەوان دواكەوت و بەدڵنیاییەوە ئازاری رۆحیی زۆریان چەشتووە لەسەر دەستی بۆكۆ حەرام.