ئەپڵ و ئەمازۆن بەشێکی زۆر لە فیلمەکانیان لە سینەما پێشاندەدەن

30-04-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن سینەما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو پلاتفۆڕمی ئەپڵ و ئەمازۆن، بڕیاریانداوە بەشێکی زۆر لە فیلمەکانیان بەر لە بڵاوکردنەوەیان لە پلاتفۆڕمەکانیان، لە سینەمادا پێشانی بدەن، ئەم بڕیارەش خاوەن سینەماکانی ئەمریکای دڵخۆشکردووە.
 
مایکڵ ئۆلێری، سەرۆکی نوێی یەکێتیی نیشتمانی بۆ هۆڵە سینەماییەکان، رایگەیاند، بە بڕوای ئەو، بڕیاری هەردوو پلاتفۆڕمەکە، لە بەرژەوەندی کەرتی سینەماییە و ئەوان بە پەرۆشەوە چاودێری ئەنجامی بڕیارەکە دەکەن.
 
بەم دواییە هەردوو ستۆدیۆی سۆنی و پارامۆنت ئاشکرایان کرد، دوو فیلمیان بۆ کۆمپانیای ئەپڵ بەرهەمهێناوە و سەرەتا لە سینەماکاندا بڵاودەکرێنەوە، ئەویش فیلمی 'Napoleon' و 'Killers of the Flower Moon'یە.
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆڵە سینەماییەکان زیانی زۆریان بەرکەت، ئەم بڕیارە هانی خاوەن سینەماکانی ئەمریکا دەدات لە کارەکەیان بەردەوام بن.
 
ئۆلێری، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆمپانیا گەورەکان درکیان بەوە کردووە، ئەو فیلمانەی سەرەتا لە سینەماکاندا پێشاندەدرێن و دواتر لە پلاتفۆڕمەکان بڵاودەکرێنەوە، سەرەکەوتنی زیاتر بەدەست دێنن. گوتیشی: "خەڵک حەز دەکەن فیلم لە پلاتفۆڕمێک ببینن کە پێشتر لە هۆڵی سینەما پێشاندراوە".
 
تۆڕی نێتفلێکس جیاواز لەو دوو پلاتفۆڕمە، بە شێوازی پێشوو نایەوێت فیلمەکانی لە سینەما پێشان بدرێن و ساڵانە 17 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ئۆرجیناڵ خەرج دەکات، ئەم بڕە پارەیەش زۆر لە وەبەرهێنانی هەردوو کۆمپانیای ئەمازۆن و ئەپڵ زیاترە.
 
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زنجیرەیەک هۆڵی سینەما لە ئەمریکا و ئەوروپا مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاند، بەشێکیشیان لە دۆخێکی دارایی خراپدان و پەنایان بۆ قەرزکردن بردووە.
 
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵە سینەماییەکان، هۆگرانی فیلم روویان لە پلاتفۆڕمەکانی بڵاوکردنەوەی فیلم کرد کە ئەوکات لەوپەڕی بەهێزیدا بوون، دوای دووبارە کردنەوەی سینەماکان، بینەرێکی زۆری فیلم لە سینەما بوون بە بینەری فیلم لە پلاتفۆڕمەکان.
 
هۆگرانی فیلم بەرامبەر بە پارەیەکی کەمی مانگانە، دەتوانن لە ماڵەکانیاندا یاخود لە هەر شوێنێک لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە بینەری فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان بن، هەروەها ئەو کاتەیان بۆ دەگەڕێتەوە کە بۆ چوونە سینەما تەرخانی دەکەن.
 
هەرچەند بینینی فیلم لە سینەمادا چێژی زیاتری هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی مۆبایل بووەتە پێدوایستییەکی سەرەکی هەر تاکێک و دەیەوێت شتە دڵخوازەکانی لە نێو مۆبایلەکانیدا هەبێت، لەوانەش فیلم، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئایندەی هۆڵە سینەماکان لە جیهاندا هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە