کریستۆفەر نۆلان و هاوژینەکەی نیشانەی سوارچاکیی بەریتانیایان پێدەبەخشرێت

30-03-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Oppenheimer" کریستۆفەر نۆلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کریستۆفەر  نۆلان، دەرهێنەری فیلمی "Oppenheimer" و ئیما تۆماس کە بەرهەمهێنەر و هاوژینی ئەو دەرهێنەرەیە، بەهۆی خزمەتکردنیان لە بواری سینەما، نیشانەی سوارچاکی و نازناوی خانەدانییان لەلایەن شای بەریتانیا پێدەبەخشرێت.
 
ئەم رێزلێنانە، لە دوای سەرکەوتنی نۆلان دێت لە رێگەی فیلمی "Oppenheimer" کە براوەی چەندین خەڵاتی گرنگی سینەماییە لە جیهاندا، لەوانەش حەوت خەڵاتی ئۆسکار، لەو حەوت خەڵاتە، خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنەر هەن.
 
نۆلان (53 ساڵ) پێشتر لە رێگەی هەرسێ فیلمی "Memento"، "Inception" و"Dunkirk" بەربژێری ئۆسکار بووە.
 
نیشانە و نازناوەکە ساڵانە دووجار دەبەخشرێت، یەکەمیان بەبۆنەی ساڵی نوێ و دووەمیان بەبۆنەی لەدایکبوونی رۆژی لەدایکبوونی شا چارلزی سێیەمە، هەندێ جاریش لە دوای دەستکەوتی هونەری و وەرزشی بەریتانییەکان دەبەخشرێت.
 
نیشانەکە لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن شای بەریتانیاوە لە کۆشکی باکنگهام دەبەخشرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی شا تووشی شێرپەنجە بووە و چارسەری وەردەگرێت، ئەرکەکانی وەک شا جێبەجێ ناکات، بۆیە ئەگەری هەیە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبێت.
 
نۆلان، لە باوکێکی بەریتانی و دایکێکی ئەمریکی لە لەندەن لەدایکبووە، کاتێک کە چووەتە زانکۆ، هاوژینەکەی ناسیوە کە بەرهەمهێنەری چەندین فیلمی سەرکەوتووی بووە و خاوەنی چوار منداڵن.
 
"Oppenheimer" باس لە چیرۆکی جەی رۆبەرت ئۆپنهایمەر، زانای فیزیایی دەکات کە خاوەن تیۆرێکی پڕ مشتومڕ بووە و سەرپەرشتی پەرەپێدانی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگی جیهانی دووەمدا کردووە.
 
ئەم بەرهەمە باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە دژ بە ژاپۆن دەکات، هەرچەند کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە دڵگرانی خۆی لە بەکارهێنانی ئەو چەکە پێشاندەدات، بەڵام دیوێکی دیکەی فیلمەکە سەرکەوتنی ئەمریکا دژ بە نەیارەکانی لە رێگەی ئەو چەکە پێشاندەدات.
 
"Oppenheimer" بۆ 13 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێرکرا و حەوتی بەدەستهێنا، لە وەرزی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە ئەمریکا چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانەش پێنج خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و هەشت خەڵاتی هەڵبژاردەی رەخنەگران.
 
پێشاندانی تایبەتی ئەم بەرهەمە لە 2023 لە لەندنی بەریتانیا؛ بە ئامادەبوونی کریستۆفەر نۆلان و بەشێکی کەم لە ئەکتەرانی بوو، هۆکارکەی مانگرتنی ئەکتەرانی هۆلیوود بوو کە بایکۆتی ئامادەبوون لە وێنەگرتنی فیلم و پێشاندانی تایبەتی فیلمەکانیان کردبوو. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە