ژەنینی رۆژهەڵاتیانە بۆ میوزیکی '2 Squid Game'

30-01-2025
پەسار فایەق
کەڤەرکردنی میوزیکی "Squid Game 2" لەلایەن گرووپی "RDR"
کەڤەرکردنی میوزیکی "Squid Game 2" لەلایەن گرووپی "RDR"
نیشانەکردن Squid Game RDR
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"RDR" گرووپێکی میوزیکی کوردییە لە هەولێر، میوزیکی وەرزی دووەمی زنجیرەی "Squid Game" بە شێوازێکی رۆژهەڵاتییانە ژەنیوەتەوە. پێشتر میوزیکی وەرزی یەکەمی زنجیرەکەشیان ژەنیوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
ئەم بەرهەمە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بەرهەمهاتووە و دیمەنەکانی لە هەولێر وێنەگیراوە، سێ ژەنیاری گرووپەکە تێیدا ئامێری ساز، گیتاری کلاسیکی و کیبۆرد دەژەنن و لەلایەن دیەم جەلال، سەرۆکی گرووپ و ژەنیاری گیتار ئامادەکراوە.
 
ژەنینی ئەم بەرهەمە لە دوای کەڤەرکردنی میوزیکی وەرزی یەکەمی زنجیرەکە دێت کە لە قەڵای هەولێر وێنەگیرا بوو و ژەنیارەکان جلوبەرگی کارەکتەرەکانی نێو زنجیرەکەیان پۆشیبوو، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
گرووپەکە میوزیکی چەندین بەرهەمی دیکەیان کەڤەرکردووەتەوە، لەوانەش یاریی ڤیدیۆیی "God of War" و ئامێری میوزیکیی رۆژهەڵاتیانەی تێدا بەکارهاتووە.
 
گرووپەکە لە 2014 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا 13 بەرهەمیان بەشێوەی دەنگ و ڤیدیۆکلیپ ژەنیوەتەوە، سێ لەو بەرهەمانە میوزیکی زنجیرەی "Squid Game"ـن.
 
"Squid Game"  زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی کۆریای باشوورە، وەرزی یەکەمی لە دەرهێنانی هوانگ دۆنگ – هیوکە، هەریەک لە لی یۆنگ – جای، پارک های – سو و وی ها – جۆن رۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕاوە.
 
چیرۆکی باس لە بەشداری 456 کەس لە یارییەکدا دەکات بۆ بردنەوەی 38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام کاتێک لە یارییەکەدا بەشدار دەبن بۆیان دەردەکەوێت تەنیا یەک براوە هەیە و ئەوانی دیکە کەسیان بە زیندوویی نامێنێ، لە وەرزی دووەمیدا درێژە بە یارییە مەترسیدارەکە دەدرێت کە لە بنەڕەتدا لە یارییەکی منداڵان وەرگیراوە و لە راستیدا مردن چاوەڕێی بەشداربووان دەکات و تەنیا یەک براوە هەیە.
 
چیرۆکی ئەم بەرهەمە لە یارییەکی منداڵانی کۆریایی وەرگیراوە و بە هەمان ناوی یارییەکە کراوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە