رووداو دیجیتاڵ
"گوێزە کوێر" گرووپێکی میوزیکیی کوردییە، بەرهەمەکانی لە رێگەی میوزیکی فۆلکلۆری کوردی، بە ئاوێتەکردنی لەگەڵ میوزیکی رۆک و هەڤی مێتەڵ پێشکێش دەکات، ئەمشەو کۆنسێرتێک لە تاران سازدەکات.
ئەدیب حیسامی، بەرپرسی گرووپی میوزیکیی "گوێزە کوێر" بە رووداوی راگەیاند، گرووپەکەیان ئەمشەو پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025 کۆنسێرت لە مۆزەخانەی میوزیکی تاران سازدەکات.
گوتیشی، کۆنسێرتەکە لە سێ بەشدا پێشکێش دەکرێت لە کاژێر 17، 19 و 21 و بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی دەبن.
حیسامی دەڵێت، گرووپەکەیان بە ئاوێتەکردنی میوزیکی فۆلکلۆری کوردی لەگەڵ میوزیکی رۆک و مێتەڵ، توانیویەتی بە نمایشی هەمەچەشن و پڕۆفیشناڵ سەرنجی هۆگرانی میوزیک و گۆرانی رابکێشت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی گرووپەکە، ناساندنی کولتوور و فۆلکلۆری کوردییە بە شێوازێکی جیاواز، بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی میوزیکی رۆک و مێتاڵ. گوتیشی، دوایین دوو چالاکییان کۆنسێرتی قوتابخانەی فیلمسازیی هیلاج و مۆزەخانەی میوزیکی ئێران بوون لە تاران و پێشوازیی بەرچاویان لێکرا.
گرووپەکە لە 2013 لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە و دوای دوو ساڵ چالاکییەکانی بردووەتە تاران، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، دوو گۆرانیبێژ و پێنج ژەنیار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ