رووداو دیجیتاڵ
لیستی بەربژێرکراوانی خەڵاتی سیزەری فەرەنسی بڵاوکرایەوە و پشکی شێر بەر فیلمی "The Count of Monte-Cristo"ـە کەوتووە، ئەویش بەربژێرکردنیەتی بۆ 14 خەڵات.
ئەم بەرهەمە سینەماییە توانی رکابەری لەگەڵ فیلمی "L'Amour ouf" و "Emilia Pérez" بکات کە بەربژێری 13 خەڵات و 12 خەڵاتن.
لیستی بەربژێرکراوان بۆ 50یەمین رێوڕەسمی خەڵاتی سیزەر، رۆژی چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025 بڵاوکرایەوە، تێیدا لە چەند بوارێکی جیا جیادا؛ فیلم و فیلمسازان بەربژێری ئەو خەڵاتەی تایبەت بە سینەمای فەرەنسا کران.
دیارترین ئەو خەڵاتانەی "The Count of Monte-Cristo" بۆی بەربژێرکراوە، خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەری سەرەکیی پیاوە.
چوار هەزار و 951 ئەندام لە ئەکادیمیای هونەر و تەکنیکی فەرەنسی، دەنگ لەبارەی براوەکان دەدەن و رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانیش لە 28ـی شوباتی 2025 لە شانۆی ئۆلمپیادی پاریس بەڕێوەدەچێت.
کاترین دونۆڤ، ئەکتەری فەرەنسی، سەرۆکایەتی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە دەکات و خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە کۆستا گاڤراس، دەرهێنەری فەرەنسی و جولیا رۆبێرتس، ئەکتەری ئەمریکی، وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمە سینەماییەکانیان.
خەڵاتی سیزەر، خەڵاتێکی فەرەنسییە و 1976ـەوە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و تەکنیکی سینەما دەبەخشرێتە باشترین بەرهەمە سینەماییەکانی فەرەنسا. هاوشێوەی خەڵاتی ئۆسکارە بۆ فەرەنسا، ناوی خەڵاتەکە بۆ دیزاینەری پەیکەرەکە سیزەر بالداکینی، دیزاینەری ناسراوی فەرەنسی دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ