لە هەولێر پێشاندانی تایبەتی 'کارۆ' بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی جیهانیی سینەمادا، فیلمی "کارۆ" لە دەرهێنانی کارۆ کورد، لە سینەمای هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ پێشاندرا.
"کارۆ" فیلمێکی نوێی کوردییە و بە هەوڵی تاکە کەسی گەنجێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمهاتووە.
کارۆ کورد، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکەیە، لە هەمانکاتتدا رۆڵی تێدا گێڕاوە. فیلمەکە لە رووی تیۆری داروین و لە رووی ئایینی و مێژووییەوە چیرۆکی پەیدابوونی مرۆڤ دەخاتەڕوو.
چیرۆکی فیلمەکە لە ئادەمەوە لە بەهەشت دەستپێدەکات، تا دەگات بە سەردەمی ئیبراهیم پێغەمبەر و سەردەمی شێخ مەحموودی حەفید.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پێشاندانی فیلمەکەیە.
زەهاوی سنجاوی، بەڕێوەبەری ناوەندی سینەمای هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بانگهێشتی کارۆ کوردیان کردووە و لە ساڵڕۆژی جیهانیی سینەمادا بڕیاریاندا یەکەم پێشاندان بۆ فیلمی "کارۆ" بکەن.
ماوەی فیلمەکە نزیکەی یەک کاژێرە. لە گوندی دزڵیی و شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە.
نیگار سالار، فیلمەکەی بینیبوو و گوتی، کارێکی سەختە لە فیلمێکدا یەک کەس دەرهێنەر، نووسەر و ئەکتەر بێت.
نمایشی فیلمەکە رۆژانە کاژێر 18:00 و 20:00 لە سینەما هەولێر پێشاندەدرێت و یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.