گۆڤار ئەنوەر: 78 پشکنینم بۆ نووسراوە


رووداو دیجیتاڵ

گۆڤار ئەنوەر، هونەرمەندی بواری کۆمیدیا هەواڵی گیانلەدەستدانی رەتدەکاتەوە و دەڵێ، تەندروستی تێکچووە و لەژێر چاودێریی پزیشکدایە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-12-2021 گۆڤار ئەنوەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند رۆژێکە تەندروستیم جێگیر نییە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانم نییە و ئێستا لە ماڵەوەم نازانم بۆچی ئەو پەیج و ماڵپەڕانە ئەوەندە پەرۆشن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی من".
 
گۆڤار ئەنوەر لەبارەی تەندروستییەوە زیاتر گوتی، "تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لەناو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستەم، ئەمڕۆ سەردانی پزیشکم کرد و 78 پشکنینم بۆ نووسراوە و هەموویانم کردن، چاوەڕوانی وەڵامی پشکنینەکانم".
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشکرد، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرکی پشکنینەکانی گرتووەتە ئەستۆ و ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەر کارێکی پێویست کە بۆی ئەنجامبدرێ.
 
گۆڤار ئەنوەر، لە ساڵی 1978 لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر لەدایکبووە و وەکو فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ کاردەکات. 
 
لە ساڵی 1993 بەشداریی لە یەکەم کاری هونەری کردووە لە شانۆگەرییەک لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان، بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بەناوی "منم دکتۆر"، بەشداریی لە 5 فیلمی سکرین، 2 کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردووە.