دەشنێ دەبێتە ئەنیمەیشن

رووداو – هەولێر

خانمە هونەرمەندی كورد دەشنێ موراد هەفتەی داهاتوو دوو گۆرانی بڵاودەكاتەوە كە گۆرانییەكیان بە زمانی كوردییە و ئەویدی بە ئینگلیزی. گۆرانییە كوردییەكە بەشێوەی ئەنیمەیشنە و باسی ژیانی خۆی دەكات.

دەشنێ موراد ماوەی سێ‌ ساڵە بێدەنگە و هیچ بەرهەمێكی نەبووە. ئەو كە لە هۆڵەندا نیشتەجێیە و ئێستا بە سەردان گەڕاوەتەوە كوردستان، بە (رووداو)ی گوت، لە ماوەیەكی نزیكدا دوو گۆرانی بڵاودەكاتەوە، گۆرانییەكیان بەناوی ئازادییە كە گۆرانییەكی كوردییە، ئەوەی دیكەش بەزمانی ئینگلیزی دەبێت.

كاری تۆماركردنی گۆرانییەكان لەلایەن ستافێكی بەریتانییەوە لە لەندەن كراوە. تێكست و میلۆدی هەردوو گۆرانییەكەش خۆی نووسیونی. گوتیشی كە كاری كلیپكردنی هەردوو بەرهەمەكە كۆتایی هاتووە.