لە ئەڵمانیا زنجیرە کۆنسێرتی 'رێگەی هەولێر' سازدەکرێت

29-10-2024
پەسار فایەق
هونەرمەندە بەشداربووەکان لە زنجیرە کۆنسێرتی "رێگەی هەولێر"
هونەرمەندە بەشداربووەکان لە زنجیرە کۆنسێرتی "رێگەی هەولێر"
نیشانەکردن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداری هونەرمەندانی کورد و ئەوروپی، زنجیرە کۆنسێرتی "رێگەی هەولێر" لە سێ شاری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، هەروەها وۆرکشۆپێک بۆ ناساندنی میوزیکی کوردی لەخۆدەگرێت.
 
موعتەز عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەشی کتێبخانە و زانیاری لە پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بە رووداوی راگەیاند، پەیمانگەی گۆتە سێ کۆنسێرت بەناونیشانی "رێگەی هەولێر" لە ئەڵمانیا ساز دەکات، یەکەمیان ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە شاری کۆڵن بەڕێوەدەچێت، لە 31ـی مانگ کۆنسێرتی دووەم لە شاری ڤوبەرتاڵ و سێیەمیان لە 1ـی تشرینی دووەم لە شاری دۆسلدۆرڤ بەڕێوەدەچێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هونەرمەندانی کورد و وڵاتانی ئەوروپا، سێ کۆنسێرتەکە پێشکێش دەکەن. گوتیشی، هەردوو هونەرمەند ریاز عوسمان و فاتن ئەحمەد وۆرکشۆپێکی یەک رۆژە، لەبارەی میوزیکی کوردی بۆ هونەرمەندانی ئەوروپا ساز دەکەن.  
 
روونیشیکردەوە، پڕۆژەی "هێلان" لەو چالاکییەدا بەشدارە، چونکە هونەرمەندە کوردە بەشداربووەکان لە زنجیرە کۆنسێرتەکەدا، پێشتر لە پڕۆژەی "هێلان"ـدا بەشداربوونە.  لە دوو ساڵی رابردوودا، پەیمانگەکەیان کۆنسێرتی میوزیکی بۆ هونەرمەندانی کورد و ئەوروپا لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا لە ئەڵمانیا پێشکێشکردووە.
 
زیاتر لە سێ ساڵە پڕۆژەی هێلان لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق، بەهاوبەشی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و گەلەری سێڤ لە هەولێر سازدەکرێت، چالاکی جیا جیای هونەری لەخۆدەگرێت و دەرفەت بۆ هونەرمەندان و بەهرەداران دەڕەخسێنێت، بۆ خستنەڕووی کارە هونەرییەکانیان.
 
بۆ بەڕێوەچوونی زنجیرە کۆنسێرتەکە، سەفین حەمید، بەرپرسی فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و زنارا ئەحمەد، بەرپرسی گەلەری سێڤ ئێستا لە ئەڵمانیان.
 
بڕیارە لە زنجیرە کۆنسێرتەکەدا میوزیکی کوردی، ئەڵمانی و ئەوروپی پێشکێش بکرێت.
 
گۆتە، پەیمانگەیەکی رۆشنبیری ئەڵمانییە لە سەرتاسەری جیهان و سەر بە حکومەتی ئەڵمانیایە، جگە لە کردنەوەی خولی تایبەت بە زمانی ئەڵمانی لە وڵاتان، لە هەمانکاتتدا پاڵپشتی لە هاوکاریی رۆشنبیری نێودەوڵەتی دەکات.
 
پەیمانگەی گۆتە، چەندین پڕۆژەی هاوبەشی کولتووری و هونەریی لەگەڵ پەیمانگەی رۆشنبیری فەرەنسی لە هەولێر ئەنجامداوە، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا وەک یەک پەیمانگەی رۆشنبیریی ئەڵمانی و فەرەنسی کار بکەن. 
 
ناوی پەیمانگەکە، بۆ ناوی یۆهان گۆتە، نووسەر و شاعیر ئەڵمانی (1749-1832) دەگەڕێتەوە کە رۆڵێکی بەرچاوی لە دەوڵەمەندکردنی شیعری ئەڵمانی هەبووە و ناوێکی درەوشاوەی ئاسمانی ئەدەبیانی وڵاتەکەیەتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پێشانگەی یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی لە هەولێر

خۆشنووسێکی کورد تابلۆکانی بە ئەڵماس و زێڕ دەنەخشێنێت

خۆشنووس یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی، لە پێشانگەیەکی خۆشنووسیدا، تابلۆکانی بە ئەڵماس، زێڕ و زیو دەنەخشێنێت و دەیەوێت پێشانگەکە بباتە وڵاتانی کەنداو.