داهاتی بەشی نوێی 'Deadpool' یەک ملیار و 337 ملیۆن دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشاندانی فیلمی "Deadpool & Wolverine" لە سینەکانی جیهاندا بەردەوامە و داهاتی یەک ملیار و 336 ملیۆن و 484 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
 
"Deadpool & Wolverine" بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Deadpool"ـە، لە 26ـی تەمموزی 2024 بڵاوکرایەوە، لەو داهاتە زۆرە 636 ملیۆن و 639 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 700 ملیۆن و 844 هەزار دۆلاری؛ لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
"Deadpool & Wolverine" تەنیا لە ماوەی سێ هەفتەدا داهاتی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەمەش بووە دووەم فیلم لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەو داهاتە زۆر بەدەستبێنێت کە بۆ کەسانی سەرووی تەمەنی 17 ساڵییە و لەم رووەوە بەشی یەکەمی"Joker" لە ریزبەندی یەکەمدایە.
 
بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 205 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی بەشی یەکەمی بشکێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات بۆ فیلمێک لە پۆلی "ئاڕ".
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە، ئەو کارەکتەرە لەگەڵ دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.
 
پێشتر فیلمی "Deadpool" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی 132 ملیۆن دۆلار لە پۆلی فیلمەکانی "ئاڕ" بەدەستبێنێت، بەشی نوێی بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەوە، ناوی چووەتە نێو لیستی 10 لەو فیلمانەی زۆرترین داهاتیان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە.
 
"ئاڕ" ریزبەندییەکە بۆ فیلم و دیاریکردنی تەمەنی بینەر، لە ئەمریکا ئەو بینەرانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە، پێویستە ئەو بینەرە دایک و باوکی یاخود بەخێوکەری لەگەڵیدا بێت بۆ بینینی ئەو جۆرە فیلمە، لە بەریتانیا بۆ ئەو بینەرانەیە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر نییە، لە خوار ئەو تەمەنەدا ئەگەر دایک و باوکیشیان لەگەڵدا بێت، رێگەیان پێنادرێت فیلمەکە لە سینەما ببینن.
 
لە فیلمی "Deadpool & Wolverine" رایان رێنۆڵدز و هیو جاکمەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 

بەشی دووەمی  "Deadpool" لە 2018 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 

فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە، جگە لە ئاکشن، کۆمێدیایەکی جیاوازیش لەخۆدەگرێت.
 
بەشی یەکەمی  "Deadpool"لە 2016 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 782 ملیۆن و 837 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 58 ملیۆن دۆلارە.