ماڵەکەی ماسیۆ پێری بە زیاتر لە هەشت ملیۆن دۆلار فرۆشرا

29-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن ماسیۆ پێری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ماڵەکەی ماسیۆ پێری، ئەکتەری کۆچکردووی ئەمریکی - کەنەدی، بە بڕی هەشت ملیۆن و 550 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشرا.
 
ئەو ئەکتەرە جیهانییە ماڵە چوار ژوورییەکەی لە لۆس ئەنجلس لە 2020 بە بڕی شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کڕیبوو، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی؛ پارەی دیکەی بۆ خەرج کرد، چونکە خانوویەکی کۆنە و لە 1965 دروستکراوە.
 
ماسیۆ پێری، یەکێک لە ئەندامانی خێزانی زنجیرەی بەناوبانگی ئەمریکی "Friends"ـە، لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. تەرمی ئەو هونەرمەندە لە ماڵەکەیەدا لە نێو گەرماودا دۆزرایەوە.
 
بەپێی راپۆرتی نووسینگەی پشکنینی پزیشکی لە لۆس ئەنجلس، پێری بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی کیتامین گیانی لەدەستداوە کە وەک چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی خەمۆکی بەکار دەهێندرێت.
 
لە یەکەمین ساڵیادی مردنی ئەو ئەکتەرە، ماڵباتەکەی دەزگایەکی خێرخوازی بەناوی ئەو لە کەندا کردەوە کە منداڵیی لەو وڵاتەدا بەسەربردووە.
 
ئەو ئەکتەرە تەلەڤزیۆنییە، بەهۆی بەشداربوونی لە 10 وەرزی زنجیرەی "Friends" ناوبانگییەکی جیهانیی بەدەستهێنا و بوو بە یەکێک لە بەناوبانگترین ئەکتەرەکانی هۆلیوود.
 
ماسیۆ پێری، لە 19ـی ئابی 1969 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکی – کەنەدییە، بەهۆی رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی "Friends" لە (1994-2004) خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشەی بەدەستهێنا.
 
جگە لە بەشداریکردنی لە چەند زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، هەروەها بەشداری لە چەند فیلمێکیشدا کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە