جێسیکیا ڤایۆلۆنیست بەرهەمێکی میوزیکی کوردی دەژەنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

جێسیکیا ڤایۆلۆنیست، ژەنیارێکی ئەڵمانی – پۆڵەندییە، پێشتر میوزیکی گۆرانیی 'کاڤۆکێ'ـی ژەنیوەتە، یەکەمجارە سەردانی باشووری کوردستان دەکات و سەرقاڵی تۆمارکردنی ریکلامێکی بازرگانییە بۆ پڕۆژەی 'قەیوان میرادۆر' لە باشووری کوردستان.
 
جێسیکیا ڤایۆلۆنیست، ژەنیاری ڤایۆلین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکەمجارە دێمە هەولێر، هاتووم رێکلامێک بۆ 'گرووپی قەیوان' بکەم، ئێمە لەگەڵ 'سیناکورد' کار لەسەر پرۆژەکە دەکەین. داوام لێکرا کە 'کاڤۆکێ' بژەنم؛ لە بۆنەیەک لە ئیستەنبووڵ، لەبەر ئەو بۆنەیە کارم لەسەر ئەو پارچەیە کرد و خۆم بۆ ئامادەکرد". 
 
ئەو ژەنیارە ئەوروپییە، میوزیکی گۆرانیی 'کاڤۆکێ'ـی ژەنیوە کە بەرهەمێکی کوردییە و لە رووی دابەشکردنی میوزیکییەوە بە یەکێک لە شاکارەکانی دڵشاد سەعید، ئاوازدانەری ناسراوی کورد دەناسرێت.
 
ئەو ژەنیارە ئەروپییە روونیکردەوە: "بە بڕوای من میوزیکی کوردی زۆر تایبەتە، بۆ نموونە کاڤۆکێ زۆر کاریگەرە، چەندین توخمی ناوازەی هەیە کە لەگەڵ میوزیکی کلاسیکی ئاوێتەبووە، میوزیکەکە دەباتە ئاستێکی دیکە".
 
جگە لە سەردانی بۆ هەولێر بۆ ریکلامێکی بازرگانی، چاوی بە سەید ئەحمەد رواندزی، ژەنیاری کورد کەوتووە بڕیارە کار لەسەر میوزیکێکی ئەو هونەرمەندە کوردە بکات.
 
جێسیکیا ڤایۆلۆنیست گوتیشی: "پارچەیەکی میوزیکیم لە مێشکە کە هی سەید ئەحمەدە؛ پێم وایە کاری لەسەردەکەم. کاتێک پارچەیەکی میوزیکی سەرنجڕاکێش دەدۆزمەوە، حەز دەکەم بیژەنم و کاری لەسەر بکەم. بەردەوام وەک ئاڵنگارییەک دەردەکەوێت، من هەموو ئاڵنگارییەک قبووڵ دەکەم، کاتێک حەزم لە شتێکە یان کاتێک خەڵک داوام لێدەکەن شتێک بژەنم، ئەوا بەخۆشحاڵییەوە دەیکەم".
 
بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو ژەنیارە ئەڵمانییە، لە باکووری کوردستان و تورکیایە و لە ئاهەنگە خێزانییەکاندا بەشداربووە و میوزیکی کوردی و تورکی ژەنیوە.
 
ئەو ژەنیار ئەڵمانییە بە رەچەڵەک پۆڵەندییە، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە ئامێری ڤایۆلینی ژەنیوە، دواتر لە ئەکادیمیای هونەر لەبارەی ئەو ئامێرە خوێندوویەتی و زیاتر کار لەسەر دووابرە ژەنینەوەی میوزیکە جیهانییەکان دەکات.