لە پاریس نوێترین دیزاینەکانی ئیلی سەعب نمایشکران


رووداو دیجیتاڵ

ئیلی سەعب، دیزاینەری لوبنانی، ناوێکی درەوشاوەی نێو جیهانی دیزاینی جلوبەرگ و فاشنە، لە کاتێکدا وڵاتەکەی بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، ئەو نوێترین دیزاینەکانی لە پاریس خستەڕوو.
 
نمایشی نوێترین کۆمەڵە دیزاینی ئیلی سەعب، رۆژی شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس تایبەت بە جلوبەرگی ژنان بۆ وەرزی بەهار و هاوینی 2025 بەڕێوەچوو.
 
سەرەتا نمایشەکە بە جلوبەرگی سادە و جلوبەرگی رۆژانە دەستیپێکرد، دواتر چەند دیزاینێکی تایبەت بە جلوبەرگی بۆنەکان خرانەڕوو، بەتایبەتیش بۆ ئەو ئەستێرانەی دەیانەوێت لەسەر فەرشی سوور دەرکەون.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بۆ جلوبەرگی ژنان تایبەت بە بەهار و هاوینی 2025 لە 23ـی ئەیلوول تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
 
هەفتە نمایشەکان ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێن، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوان و هەفتە نمایشی جلوبەرگی ئاسایی و گرانبەهاش لەخۆدەگرێت.
 
میلان، پاریس، لەندەن و نیویۆرک، لە هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانی جیهانن و رکابەریان نییە.
 
لە 1ـی تاوەکو 7 ئەیلوولی 2024 هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی تایبەت بە وەرزی بەهار و هاوینی 2025، لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو. هەفتە نمایشەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بێتە ئاستی هەفتە نمایشە گرنگەکان لە جیهاندا. 
 
ئیلی سەعب، لە 1964 لە بەیروت لە دایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەهرەی لە بواری دیزایندا دەرکەوتووە و وێنەی جلوبەرگی بە وێنە کێشاوە و جلی بۆ خوشکەکەی دیزاینکردووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا لە پاریس خوێندوویەتی، دواتر گەڕاوەتەوە لوبنان و خانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە و وەک دیزاینەرێک کاری کردووە.
 
لە 1997 یەکەم کۆلێکشنی تایبەت بە خۆی لە دەرەوەی لوبنان بڵاوکردەوە، ئەویش لە ئیتاڵیا بوو و یەکەم دیزاینەری عەرەب بوو بەرهەمەکانی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی رۆما بخرێنەڕوو، لە 2002 هالی بێری، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر، لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا جلێکی لە دیزاینی ئەو دیزاینەرە پۆشی.