فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس ئەنجلینا جۆلی و براد پیت کۆدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس، ئەنجلینا جۆلی و براد پیت کۆدەکاتەوە، لە کاتێکدا دوای جایبوونەوەشیان کێشەکانیان کۆتاییان نەهاتووە و لە دژی یەکدی، پەنا دەبەنە بەر دادگە.
 
جۆلی بە فیلمی "Maria"ـە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێرێت، باس لە ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین ئۆپێرابێژەکان بەناوی ماریا کاڵاس، لە پاریس دەکات.
 
براد پیت و جۆرج کلۆنی لە فیلمی "Wolfs" رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە و بڕیارە هەردووکیان لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بن. چیرۆکەکەی باس لەوە دەکات کە دوو کەس بۆ یەک ئەرکی سەخت رادەسپێردرێن.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەم دواییە بە فەرەمی داواکاری شایلۆ، کچی براد پیت و ئەنجلینا جۆلی، هەردوو ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود، لە دادگە پەسندکرا بۆ لادانی ناوی باوکی لەسەر ناوی خۆی. 
 
شایلۆ هەر کە پێی نایە تەمەنی 18 ساڵییەوە، رۆژی دواتر چووە بەردەم دادوەر و داوای کرد لە ناوەکیدا؛ ناوی باوکی لاببرێت. 
 
شایلۆ، لە 27ـی ئایاری 2024 ئەو داوکارییەی پێشکێش بە دادگەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا کردبوو رۆژی دووشەممە 19ـی ئابی 2024 دادگە داوکارییەکەی پەسندکرد کە ناوی لە شایلۆ جۆلی – پیت بۆ شایلۆ جۆلی بگۆڕدرێت.
 

چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، منداڵەکانی دیکەی جۆلی و پیت، بەشێوەیەکی نا فەرمی دەستبەرداری ناوی باوکیان بوونە.
 
شایلۆ لە 27ـی ئایاری 2006 لەدایکبووە، سێیەم منداڵی ئەو دوو هاوژینەیە کە جیابوونەتەوە و بەوە ناسراوە کە لە دایکی دەچێت.
 

جۆلی و پیت، خاوەنی شەش منداڵان، سێیان منداڵی خۆیانن، سێیەکەی دیکەیان لەخۆیان گرتوونە. ئێستا بەشێکیان ناوی باوکیان بۆ شتە نا فەرمییەکان بەکار ناهێنن.
 

براد پیت و ئەنجلینا جۆلی لە 2005 لە فیلمی "Mr. & Mrs. Smith" رۆڵی سەرەکیان گێڕا، دەستپێکی پەیوەندیی خۆشەویستییان لە رێگەی ئەو فیلمەوە دروستبوو، دوای نۆ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی، لە 2014 لە فەرەنسا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
 

جۆلی لە ئەیلوولی 2016 داوای جیابوونەوەی پێشکێش بە دادگە کرد، دواتر پیت، بۆ جیابوونەوە داوای مافی مانەوەی منداڵەکان لەلای خۆی کرد.
 
بە پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی چالاکییەکانیدا، ئەستێرەی دیاری سینەمای هۆلیوود و جیهان تێیدا ئامادە بن.
 
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، تیم بۆرتن، دەرهێنەری فیلمەکە و هەردوو ئەکتەرە سەرەکییەکەی مایکڵ کیتن و وینان رایدەر، ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
 
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیکەی سینەما بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە مۆنیکا بێلۆچی، ئەکتەری ناسراوی ئیتاڵی و کەیت بلانچێت، ئەکتەری ناسراوی ئوستراڵی.
 

لە دوای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە خەڵاتکردنی فیلمی "Joker" لە فێستیڤاڵدا، تۆد فیلیپس، دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێگیە بەشی دووەمی فیلمەکە بەناوی "Joker: Folie à Deux"، چاوی بڕیوەتە خەڵاتی شێری زێڕینی فێستیڤاڵ کە 20 فیلمی دیکە بەربژێری ئەو خەڵاتەن.
 
هەر لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شێری زێڕینی شانازی، بە سیگۆرنی ویڤەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.  
 
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
 

ئەمساڵ 92 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی یەکەمی خولی فیستیڤاڵەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لە چالاکی سینەمایی، چەندین چالاکی میوزیکی، شێوەکاری، سەما و شانۆ لەخۆدەگرێت و لە رۆژانی فێستیڤاڵدا بەڕێوەدەچن.
 
ڤێنس، کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا و یەکێکە لە پێنج گەورەترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمە لە سەرانسەری جیهاندا، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1932 دەستیپێکرد، ساڵانە لە کۆتایی مانگی ئاب یاخود سەرەتای ئەیلوول لە دوورگەی لیدۆ بەڕێوەدەچێت و لە چەندین سینەمای جیا جیا فیلمەکان پێشاندەدرێن کە بەشێکیان سینەمای کۆن و مێژوویین.