ماهیر زەین خەونی نەوەیەکی مەسعود محەممەد دەهێنێتە دی
رووداو - هەولێر
ماهیر زەین، هونەرمەندی بەنێوبانگی لوبنانی بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێک لە هەولێرە و سەردانی گەنجێکی تووشبووی ئۆتیزمی کرد کە چەندین ساڵە خولیای بینینی ئەو هونەرمەندەی هەیە.
رەسەن جەلیزادە، تەمەنی 19 ساڵە، نەوەی مەسعود محەممەد، نووسەر و بیرمەندی ناسراوی کوردە و توشبووی ئۆتیزمە، حاڵەتە تایبەتەکەی وایکردووە نەتوانێت بەشداری کۆنسێرتەکەی بکات، بۆیە ماهیر زەین بڕیاریدا سەردانی بکات و بچێتە ماڵەوە بۆلای.
پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی لەسەر ئەو گەنجە کردبوو. دوای راپۆرتەکەی رووداو، موسعەب عەبدولعەزیز، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکەی ماهیر زەین بە رووداوی راگەیاند: " پەیوەندیمان بە ستافی ئامادەکاریی ماهیر زەین بۆ کوردستان کردووە و بەڵێنی ئەوەی پێداوین کە لە دەرفەتێدا ئەو گەنجە ببینێت".
رەسەن لە منداڵییەوە خولیای موزیکی هەیە و هەر لە سەرەتاکانی ناسینی ماهیر زەین، گۆرانییەکانی لەبەرکردووە و رۆژانە دەیانڵێتەوە.
کاژێر 03:30 خوولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش ئەو هونەرمەندە سەردانی ماڵی رەسەنی کرد، ماهیر زەین لە بارەی سەردانەکەی بە رووداوی راگەیاند، ئەو گەنجە خاوەنی بەهرە و دەنگێکی تایبەتە، زۆر خۆشحاڵیشە کە توانیویانە دڵی خۆشبکەن.
ماهیر زەین و رەسەن پێکەوە گۆرانی "رەمەزان"ـی ماهیر زەینیان پێشکەش بە رووداو کرد، کە رەسەن بە ژەنینی پیانۆ بەشداریکرد.
کۆنسێرتەکەی ماهیر زەین بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 06:30 خوولەکی رۆژی هەینی (30-8-2019 )یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ماهیر زەین هونەرمەندێکی بەرەگەز لوبنانییە و دانیشتووی سوێدە، لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە. ئەو چەندین گۆرانی بەنێوبانگی ئایینی هەن کە نێودارترینیان گۆرانی یا نەبییە کە بە زیاتر لە 250 ملیۆن بینەر، یەکێک لە پڕبینەرترین گۆرانییەکانی جیهانە.