'شاردنەوەی سەدام حوسێن' لە 25 سینەمای ئیمارات پێشاندەدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا ئێستا لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی پێشاندەدرێت، بەهۆی پێشوازی بینەران لەم بەرهەمە لە سینەماکانی ئیمارات، 11 سینەمای دیکە بۆ پێشاندانی زیادکراوە، بەمەش ئێستا 25 سینەما لەو وڵاتە فیلمەکە پێشاندەدەن.
 
پێشاندانی ئەم بەرهەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکردووە و رۆژ لە دوای رۆژ بینەری رووی لە زیادبووندایە.
 
سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بەهۆی زۆری رێژەی بینەرانەوە، هۆڵی زیاتریان بۆ فیلمەکە تەرخانکردووە.
 
زیاد عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری سینەمای دهۆک مۆڵ، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، پێشوازییەکی باش لە فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" کراوە و لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە هەزار بینەری لە دهۆک هەبووە. هەروەها دەڵێت: فیلمەکە شتێكی نموونەییە، لە سینەمای کوردیدا کراوە.
 
پێشاندانی فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە 18ـی تەمموزە، پێشاندانی لە سینەمای 11 وڵاتی عەرەبی دەستیپێکردووە، هەردوو وڵاتی مەغریب و تونسیش پێشاندانیان بۆ جەژنی قوربان پێشخستبوو.
 
تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا نەدراوە و دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراق دەکات.
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.