'Deadpool & Wolverine' لە یەکەم هەفتەدا لە ئەمریکا 205 ملیۆن دۆلار بەدەستدێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Deadpool" بەناوی "Deadpool & Wolverine"، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، توانی 205 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی بەشی یەکەمی بشکێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات بۆ فیلمێک لە ریزبەندی "ئاڕ".
 
پێشتر فیلمی "Deadpool" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی 132 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی فیلمەکانی "ئاڕ" بەدەستبێنێت، بەشی نوێی بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەوە، ناوی چووەتە نێو لیستی 10 لەو فیلمانەی زۆرترین داهاتیان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە.
 
"ئاڕ" ریزبەندییەکە بۆ فیلم و دیاریکردنی تەمەنی بینەر، لە ئەمریکا ئەو بینەرانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە، پێویستە ئەو بینەرە دایک و باوکی یاخود بەخێوکەری لەگەڵیدا بێت بۆ بینینی ئەو جۆرە فیلمە، لە بەریتانیا بۆ ئەو بینەرانەیە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر نییە، لە خوار ئەو تەمەنەدا ئەگەر دایک و باوکیشیان لەگەڵ بێت، رێگەیان پێنادرێت فیلمەکە لە سینەما ببینن.
 
کۆی گشتی داهاتی ئەم بەرهەمە نوێیە لە سینەماکانی جیهاندا 438 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە.
 
لە لیستی فیلمە خاوەن زۆرترین داهاتەکان لە کۆتایی هەفتەدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، "Deadpool & Wolverine" لە ریزبەندی هەشتەمدا دێت و دەکەوێتە نێوان هەردوو فیلمی "The Avengers" و"Black Panther".
 
بەم دواییە لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی فیلمی "Deadpool & Wolverine" بەڕێوەچوو. لەم بەرهەمەدا رایان رێنۆڵدز و هیو جاکمەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
ئەوانەی لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوون، بۆچوونی باشیان لەبارەی فیلمەکە هەبووە، بەمەش پێشبینی کرا پێشوازییەکی بەرچاوی لێبکرێت و داهاتی زۆر بەدەستبێنێت.
 
"Deadpool & Wolverine" دەبێتە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی "Deadpool" و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هەربۆیە بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دیکەی درا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 782 ملیۆن و 836 هەزار دۆلار و بودجەی بەرهەمهێنانی 58 ملیۆن دۆلار بوو.
 
داهاتی بەشی دووەمی "Deadpool" لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە.
 
رایان رێنۆڵدز، ئەکتەر و بەرھەمھێنەری فیلم، لە 1991ـەوە وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، لە رێگەی هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی "Deadpool" ناوبانگی پەیداکردووە و لە فیلمە سەرکەوتووەکانییەتی لە رووی داهاتەوە، لە 2016 و 2018ـە بڵاوکراونەتەوە.
 
هیو جاکمەن، لەبارەی رۆڵی لەم بەرهەمەدا پێشتر رایگەیاندبوو، کارەکتەری وۆلڤرین ئەمجارە توڕەیی زیاتری پێوە دیار دەبێت و ململانێ لەگەڵ دێدپۆڵ دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دێدپۆڵ و وۆلڤرین دوو کارەکتەری تەواو لە یەکدی جیاوازن و رقیان لە یەکدی دەبێتەوە. گوتیشی: "دێدپۆڵ زۆر بە خێرایی قسە دەکات، بە رادەیەک زۆر حەز دەکەم مشتێکی لێ بدەم، پێموایە لە فیلمەکەدا زیاتر لە جارێک مشتی لێدەدەم".
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.