کازم ساهیر لەسەر کێشەی کارەبا، پەیامێک بۆ بەرپرسانی عێراق دەنێرێت

رووداو-هەولێر

هونەرمەندی بەناوبانگی عێراق و عەرەب، کازم ساهیر لە یەکێک لە کۆنسێرەتەکانی لەسەر خراپی کارەبا و کێشەکانی خەڵکی عێراق، پەیامێکی ئاراسەی بەرپرسە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کرد.


کازم ساهیر لە کۆنسێرتێکدا لە وڵاتی لوبنان گوتی ''من دەزانم ئەم قسانەی من وێنەدەگیرێن و بە بەرپرسان دەگات، هیوادارم ئاگایان لە گەلی عێراق بێت، ئەو گەلە مەزنە کە سەرەڕای نەهامەتییەکان بە ئاکار و داهێنەرە، هەمیشە خۆشی بۆ سەرجەم گەلانی دیکە دەخوازن''.
ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری هەڵپەساردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی وەزیری کارەبای دەرکرد و لەدوای بڕیارەکەی، قاسم فەهداوی، وەزیری کارەبا رایگەیاند ''پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەم و هیوادارم بەرپرسانی وەزارەت بەباشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسەدا بکەن کە لە دوای من دەستبەکاردەبێت''.

نزیکەی مانگێکە لەزۆربەی شارەکانی عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکردووەو خەڵکی داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و رەخساندنی هەلی کار لە حکومەت دەکەن، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە، بەڵام خۆپیشاندانەکان لە چەند شارێكی عێراق بەردەوامن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان