لە هەولێر ماڵی کولتووری جەلال بەیار کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە 14یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەلال بەیار، ئەکتەری بواری شانۆ و دراما، ماڵێکی کولتووری بەناوی ئەو هونەرمەندە کرایەوە، تێیدا وێنە و ئەرشیفی ئەو هونەرمەندە پارێزراون.
 
جەمال دیلان، هونەرمەند و برای کۆچکردوو جەلال بەیار، بە رووداوی راگەیاند، لە 14یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند جەلال بەیار، خانوویەکیان لە گەڕەکی عەرەبان لە هەولێر بۆ ئەرشیف و کەرستەکانی ئەو هونەرمەندە تەرخانکردووە. گوتیشی، خانووەکە لەلایەن باب و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کردنەوەی ماڵی کولتووری جەلال بەیار، رێزگرتنە لەو خزمەتەی لە بواری شانۆ و درامادا پێشکێشی کردووە. روونیشیکردەوە، جەلال بەیار، هونەرمەندێکی خاکی بوو و شانۆی کوردی خۆشویستووە.
 
دیلان، سوپاسی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان کرد، بۆ رێوڕەسمی یادکردنەوەی براکەی.
 
عەلی ئەحمەد، ئەکتەری بواری شانۆ و دراما، یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی جەلال بەیار بووە، لەبارەی کەسایەتی ئەو هونەرمەند، بە رووداوی راگەیاند، جەلال بەیار پیاوێکی مەرد بوو و ناحەقی قبوڵ نەدەکرد. گوتیشی، کەسێکی بوێر بوو و لە کاتی پێویست پشت و پەنای هاوڕێکانی بووە.
 
جەلال بەیار ناوی تەواوی جەلال ئەحمەد رەسووڵە، ئەکتەری شانۆ و دراما بووە، لە 1956 لەدایکبووە، لە 1974 دەستی بە کاری هونەری کردووە، یەکەم بەرهەمی تەلەڤزیۆنی تێیدا بەشداربووە، بەناوی "مارەیی" بوو، دواتریش لە چەندین بەرهەمی دیکەی شانۆیی، تەلەڤزیۆنی و سینەماییدا رۆڵی گێڕاوە.
 
لە 2012 بەشداری لە بەشی سێیەمی زنجیرەی "گەردەلوول"ـدا کرد، دوای وێنەگرتنی چەند دیمەنێکی زنجیرەکە، لە تەمەنی 56 ساڵیدا لە 27ـی حوزەیرانی 2012 لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.