تابلۆیەکی دەگمەنی پیکاسۆ مەزاددەکرێت

رووداو - هەولێر

هۆڵی مەزادخانەی کریستی لە لەندەن نمایشێکی مێژوویی تێدا ئەنجامدەدرێت و تابلۆیەکی پابلۆ پیکاسۆی تێدا نمایشدەکرێت. پێشبینیش دەکرێت نرخەکەی لە 32 تاوەکو 51 ملیۆن دۆلار بکات.

ئەم تابلۆیە 50 ساڵە لەلایەن چەند دەستێکی ماتمانەپێکراوەوە هەڵگیراوە. رەخنەگرێکی هونەری دەڵێت: پابلۆ پیکاسۆ لەگەڵ ئەم تابلۆیە کەوتبووە داوی خۆشەویستی.

ئیستیل لۆڤات، رەخنەگری هونەری دەڵێت: ئەم تابلۆیە لە ئیلهامەکانی پیکاسۆوە نەخشێندراوە. لەوانەیە ئەمە گەورەترین خۆشەویستی ژیانی بێت. ئەمە تابلۆیەکی رادەبەدەر نایابە و پێشتر نەخراوەتە مەزادەوە. نزیکەی 50 ساڵە لەدەستی خەڵکانێکی دیاریکراوە. ئەمە یەکێکە لەو تابلۆیانەی پیکاسۆ بۆ ماوەیەکی درێژ لە ستۆدیۆکەی هەڵیگرت. پێموایە هۆکارەکەی ئەوەیە، پیکاسۆ لەگەڵ تابلۆکەی کەوتبووە داوی خۆشەویستی."

تابلۆکەی پیکاسۆ نێونراوە (فێمی ئێکریڤانت) واتا (ئافرەتە نووسەرەکە)، پابلۆ لە 26ی ئاداری 1934 دا کێشاویەتی.

ئەمە وێنەی مێری تێرێزێی فەرەنسایە، لەکاتی نووسینی نامەیەکی دەستی. تێرێزی خانمێکی شاهانگەی فەرەنسی بوو، مێژووی حوکمڕانی بۆ سەدەی حەڤدەهەم دەگەڕێتەوە.

گیۆڤانا بێرتازۆنی، جێگری سەرۆکی بەشی هونەری سەردەم دەڵێت: "ئەمە نوێنەرایەتی هەموو کارەکانی دەکات و ئەنجامی هەموو هونەرەکەیەتی. لێرەوە قۆناخی ئیلهام دەستپێدەکات و لێواری تابلۆکانی شێوازی بازنەیی وەردەگرن. ئاوێنە و فرەڕەنگی لە تابلۆکانیدا دەردەکەون. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە. لێرەوە بەهاکان بەڕووی تابلۆکانیدا دەتەقنەوە، کە دەبنە گەورەترین رێکلامکردن بۆ بەرهەمەکانی".

ئەمە یەکەمجار نییە رووخساری خانمە فەرەنسییەکە لەسەر تابلۆکانی پیکاسۆ پارەی باش بکات، لە ساڵی 2013ش تابلۆیەک بەناوی "خەونەکە" 155 ملیۆن دۆلاری کرد. 

کۆی ئەم کارانەی لە مەزادخانەی کریستی نمایشدەکرێن، نرخەکەیان بە 174 تا 245 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح