دوای 12 ساڵ بەشی شەشەمی 'Final Destination' بەرهەمدێت

رووداو دجیتال

دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی بەشی پێنجەمی 'Final Destination'، بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمەکە، بەشی شەشەمی بەرهەمدێنن و پێشبینی دەکرێت خوێناویترین بەشی بێت.
 
زاک لیبۆڤسکی و ئادەم بی، کاری دەرهێنان بۆ بەشی نوێی ئەم بەرهەمە ترسناکە دەکەن و لە سیناریۆی جۆن واتسە کە نووسەری فیلمی 'Spider-Man: No Way Home'یە.
 
وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی بەشی نوێی فیلمەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەرهەمهێنەرانی ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، چیرۆک و ناوەڕۆکی بەشی نوێ؛ هەمان رێڕەوی بەشەکانی پێشوو ناگرێتە بەر، بەڵام لە چیرۆکی سەرەکییەکەش دوورناکەوێتەوە.
 
'Final Destination' لە فیلمە ترسناکەکانی دیکە جیاوازترە و ترسی مردنی لە ناکاو دەخاتەڕوو، وەک رووداوی هاتووچۆ و لە کارکەوتنی ئەسانسۆر، بە پێچەوانەوەی فیلمە ترسناکەکانی دیکە کە بۆ ترس و تۆقاندن، پشت بە بوونەوەری ترسناک و مرۆڤی تاوانکار دەبەستێت.
 
بەرهەمهێنانی بەشی شەشەمی فیلمەکە چوار ساڵ دواکەوت، لە 2019 بەهۆی دواکەوتنی بەرهەمهێنانی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، دووبارە دواخرایەوە.
 
هەرچەند بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە ترسناکە راگەیێندراوە، بەڵام وادەی بڵاوکردنەوەی دیار نییە.