بەربژێرەکانی خەڵاتی بافتا بۆ زنجیرە تەلەڤزیۆنیەکان راگەیێندران

رووداو-هەولێر
رۆژی 28ی نیسانی ساڵی 2021 سەرپەرشتیارانی خەڵاتی بافتای بەریتانیا ناوی بەربژێرەکانی زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان بۆ ساڵی 2021 راگەیاند، کە تێدا زنجیرە تەلەڤزیۆنی Small Axe پشکی شێری بەربژێرەکانی بەرکەوتووە.


زنجیرە تەلەڤزیۆنی Small Axe کە چیرۆکەکەی باس لە کێشەی رەشپێستەکان دەکات، لەدەرهێنانی ستیف ماکوینە، بۆ 15 خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە، هەروەها زنجیرە درامای The Crown کە لە بەرهەمهێنانی نێتفلێکسە بۆ 10 خەڵات بەربژێرکراوە.

هاوکات زنجیرەی تەلەڤزیۆنی I May Destroy You بۆ هەشت خەڵات بەربژێرکراوە، زنجیرە تەلەڤزیۆنی Normal People بۆ 7 خەڵات بەربژێرکراوە، کە لە بەرهەمهێنانی بی بی سییە، لەگەڵ ئەوەشدا زنجیرە تەلەڤزیۆنی Sex Education بۆ شەش خەڵات بەربژێرکراوە.

هەروەها زنجیرە بەڵگەفیلمی  Once Upon a Time in Iraq ،کە لە بەرهەمهێنانی بی بی سییە بۆ 4 خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە، بڕیارە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەکانی بافتا بۆ زنجیرە تەلەڤزیۆنیەکان لە رۆژی 24ی مانگی داهاتوو لە لەندەن بەڕێوەبچێت.

خەڵاتی بافتا بۆ زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان لەلایەن ئەکادیمیای بەریتانی بۆ هونەری سینەما و دراما لە ساڵی 1955 دامەزراوەو ساڵانە باشترین دەرهێنەر و ئەکتەری بواری زنجیرە تەلەڤزیۆن خەڵاتدەکات.