گرووپی میوزیکی نانۆبیت بە ستایلێکی نوێ گۆرانی پێشکێش دەکات

رووداو-ئەڵمانیا
گرووپی میوزیکی نانۆبیت، کە گرووپێکی هونەری ئینتەرناشیناڵە لە ساڵی 2008 لە ئەڵمانیا دامەزراوە، بە ستایلێکی نوی لە بواری گۆرانی و میوزیک کاردەکەن، ئەندامانی ئەم گرووپە لە چوار کەس و سێ نەتەوەی جیاواز پێکهاتوون، لەلایەن هونەرمەندی کورد هێمن دەریا سەرپەرشتی دەکرێت و هەر لەسەر دەستی ئەویش ئەم گرووپە دامەزراوە
 
بەیەکەوە سەرقاڵی پرۆڤەن، بیتی نانۆ دەژەنن ، سێ میوزیکژەن ، ژەنیاری درامز  و گیتار باس و گیتار ئەلکترۆنیک  و گۆرانیبێژێک .  بەکوردی و  بە شێوازێکی نوێ و تایبەت گورانی دەڵێن و میوزیک دەژەنن.  گرووپی NANOBEAT  گرووپێکی  هونەری میوزیکی ئینتەرناسیوناڵە، کە خاوەن ستایلی خۆیەتی و ستایلی نانۆبیت، رێبازێکی نوێیە لە جیهانی میوزیکدا.  چوار کەسن و لە سێ نەتەوەی جیاوازن ، دوو  کورد و  ئەڵمانێک و  ئەفەریقیەکن. هونەرمەند هێمن دەریا  لە ساڵی ٢٠٠٨  ئەم گرووپەی دامەزراندووە.
 
هێمن دەریا، لەمبارەیەوە بەرووداوی گوت" لەم گرووپەدا لە سەرەتاوە حەزم نەکردووە خۆم ببستمەوە بەهیچ ستایلێکی تایبەتەوە، کە تاوەکو ئێستا هەیە، حەزم کردووە لە ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی خۆم هەموو ئەو ستایلانەی، کە گوێم لێگرتووە تاوەکو بیخەمە خزمەتی ئەم ستایلە باشەوە. لە بەر ئەوە ناچاربووم ناوێکی تازەی بۆ بدۆزمەوە، ناوی ستایلەکەشم ناوناوە نانۆبیت وەکو گرووپەکە کە ناوی نانۆبیە".
 
جیاوازی ستایلی نانۆبیت وایکردووە، کە لە  لەئەڵمانیا  چەندین خەڵات بەدەست بهێنن، لە ساڵی ٢٠١٧ لە فێستیڤاڵی Deutscher Rock & Pop Preis لەسەر ئاستی هەموو ئەڵمانیا پلەی یەکەمیان پێبەخشراوە. لەساڵی 2020 یەکەم ئەلبوومیان بەناوی New Ways  بڵاوکردەوە.  ئەم ئەلبوومە له بواری ستایلی Alternativ ئەلتەرناتیڤ،‌ خه‌ڵاتی دووه‌می پێبەخشرا.
 
هێدی جەبار ، گۆرانی بێژی ئەم گرووپەیە لە ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ گرووپی نانۆبیت کار دەکات. لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی ئامێری پیانۆ و دەنگی خوێندووە. هەروەها لە بواری کلاسیکدا هونەری دەنگی خوێندووە. پاشان زانکۆی لە بواری  میوزیکی کلاسیک تەواوکردووە. بەڵام لێرە بەچەندین ستایل وەک رۆک و جاز ستایلی دیکە گۆرانی دەڵێ.
 
هێدی جەبار دەڵێت" نانۆ بیت، جوانترین ئازادی خۆبوونی پێبەخشیم، کە وەکو کەسایەتی بتوانم بەمشێوەیە بیربکەمەوە، کە وەکو خۆم بمەوێت، نەک کە کاریگەری کەسێکی دیکە و سسیتەمێکی دیکەم لە سەر بێت. ئەمە بۆ من زۆر گرنگە، کە تۆ بتەوێت هونەرمەند بیت دەبێت ئازاد بیت ".
 
گرووپی نانۆبیت خۆیان  بە میوزیکەکەیان بە باڵیۆزی ئاشتی دەناسێنن،  بە تێکەڵکردنی میوزیک و زمان و نەتەوە پەیامی ئاشتی دەگەیێنن. ئەم ژەنیارەی گیتارباسی گرووپەکە خەڵکی کینیایە، لەگەڵ چەندین گرووپی نێوداری جیهانی کاری کردووە. بردنەوەی ئەو خەڵاتانە دەرگای فێستیڤاڵ و  کۆنسێرتەکانی بەرووی گرووپی نانۆبیت کردەوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە نەیانتوانی بەشداری بکەن، رۆژ بەرۆژیش گوێگرانی کوردو ئەوروپیان زیاد دەبێت.