جولیانا رۆجاس: بۆ سینەمای بەرازیل زۆر گرنگە لە بەرلینالە بین

29-02-2024
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ستافی فیلمی "Cidade Campo"
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ستافی فیلمی "Cidade Campo"
نیشانەکردن "Cidade Campo" بەرلینالە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"Cidade Campo" فیلمێکی سینەمایی بەرازیلییە کە دەرهێنەر و ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئافرەتن و باس لە پرسی تەنیایی و دەستپێکردنەوەی ژیان دوای کارەسات و لەدەستدانی ماڵ و سامان دەکات. باس لە ژیانی کچێک دەکات کە باوکی لەدەستداوە و دوای مردنی دەیەوێت لێی تێبگات و بچێتەوە ئەو دونیایەی ئەوی تێدا ژیاوە.
 
لە 74ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، لەگەڵ جولیانا رۆجاس دەرهێنەری فیلمەکە کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە یەکێک لە بەشەکانی فێستیڤاڵەکە بەدەستهێنا و سێ لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە؛ گفتوگۆکراوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دەمەوێت لە جولیاناوە دەست پێ بکەم. خاتوو جولیانا، دەکرێت کەمێک باسی چیرۆکی فیلمەکەمان بۆ بکەیت؟ پەیامی فیلمەکە چییە؟ 
 
جولیانا رۆجاس: فیلمەکە باسی چیرۆکی راستەقینەی کۆچ لە شارۆچکەوە بۆ شار و لە شارەوە بۆ شارۆچکە دەکات. ئەم کارەکتەرە، جوانامان هەیە کە دوای لەدەستدانی کێڵگەکەی لە لافاوێکدا دەچێتە شار. دەچێت بۆ ساوپاولۆ کە گەورەترین شاری ئەمریکای باشوورە. هەوڵ دەدات لەوێ ژیانی بونیات بنێت و پەیوەندیی نوێ دروست بکات و لەگەڵ زیانەکەیدا خۆی بگونجێنێت.  
 
ئینجا فلاڤیا و مارامان هەن؛ ئەوانیش دوو کەسن کە دوای ئەوەی باوکی فلاڤیا دەمرێت، دەچن بۆ شارۆچکە. هەوڵ دەدەن لە کێڵگەیەکدا دەست بە ژیان بکەنەوە. ئیتر دەبێتە لە شارۆچکە رووبەڕووی سەختیی ژیان ببنەوە. ئەوانیش خۆیان لەگەڵ مردنی باوکی فلاڤیادا دەگونجێنن و دەزانن ئەوە چۆن کاریگەریی دەبێت لەسەر تێگەیشتنیان لە سرووشت و باوانیان.  
 
ئیتر فیلمەکە زیاتر باسی بابەتەکانی پەیوەندی و کۆچ دەکات، هاوکات باسی بابەتی بوونگەرایی، وەک خۆگونجاندن لەگەڵ لەدەستدان و خۆشەویستی و کۆڵنەدان لە کاتە سەختەکاندا دەکات. 
 
رووداو: دەتانەوێت لە رێگەی ئەم فیلمەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ 
 
جولیانا رۆجاس: دەمەوێت ئەوە بگەیەنم کە چۆن مامەڵە لەگەڵ لەدەستدانەکانمان و ژیان و مردن و باپیرانماندا بکەین. هەروەها چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەگەری پەیوەندیی نوێ و توانای سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە لە شوێنێکی دیکەدا بکەین. پێم وایە ئەمانە بابەتە سەرەکییەکانی فیلمەکەن. هەروەها باس لە لاوازیی کەسایەتییەکان و چەوساندنەوەیان بە شێوەی جیاواز لەم جیهانەدا کراوە. باس لە ئەگەری ئەوە کراوە کە خۆشەویستی بکەن و سۆز دەرببڕن، باس لە کۆڵنەدان و درێژەدان بە ژیان لە کاتە سەختەکاندا کراوە.  
 
رووداو: ئەو ئەزموونە چۆن بوو کە ئێوەی گەیاندە بەرلینالە و گەیشتنە قۆناخی رکابەری؟ دەتوانیت لەو بارەیەوە کەمێکم بۆ باس بکەیت، چۆن بوو هاتن بۆ بەرلینالە کە فیلمەکەتان لە قۆناخی رکابەریدایە؟  
 
جولیانا رۆجاس: ئێمە زۆر دڵخۆشین کە لێرە فیلمەکەمان پیشان دەدەین. ئەمە یەکەم جارە  فیلمەکە پیشان بدەین. جا ئەوە زۆر تایبەتە، چونکە دروستکردنی فیلمەکە زۆر قورس بوو و تووشی زۆر سەختی بووین. بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو لەگەڵ ئەم تیمەدا سەروکاری بکەین کە فیلمەکە پیشان بدەین و ئەم کارەکتەر و ئەکتەرانە لەسەر شاشە ئامادە بن، چونکە بە زۆری ئەو جۆرە کارەکتەرانە لە سینەمادا نابینین. بۆیە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە ئەم بۆشاییە پڕ بکەینەوە. هەروەها لە فێستیڤاڵەکەدا بەشێک هەیە برەو بەو فیلمانە دەدات کە هەوڵ دەدەن وێنەیەکی دیکە دروست بکەن، وێرانکەرتر و نوێگەرتر بێت. ئەوە بۆ ئێمە زۆر خۆش بوو کە لەم بەشەدا وەرگیراین، چونکە ئێمە حەز دەکەین سینەما بە شێوەیەکی جودا بیر لە گێڕانەوە و سینەما بکاتەوە. ئیتر نازانم ئەگەر ئێوە قسەیەکتان هەبێت. 
 
رووداو: خاتوو فێرناند، ئەو ئەزموونە بۆ تۆ چۆن بوو؟ دەتوانیت لە بارەی رۆڵەکەتەوە لە فیلمەکەدا کەمێکمان بۆ باس بکەیت؟  
 
فێرناند ڤیانا: من رۆڵی جوانام دەبینی کە ئافرەتێکە لە تراجیدیایەکدا، کێڵگەکەی و هەموو شتێکی لە دەست داوە. ئیتر دەچێت بۆ شاری گەورەی ساوپاولۆ و لەگەڵ خوشکەکەیدا دەژی. باسی لەدەستدان و دەستپێکردنەوە بە ژیان دەکات. من خۆم لە رێی سۆز و میهرەبانییەوە دەست پێدەکەمەوە. ئیتر ئەو دەڕوات بۆ لای خوشکەکەی و لەگەڵی دەژی. ئیتر لێرەوە دەتوانێت دەست بە ژیان بکاتەوە. بە لای منەوە ئەمە چیرۆکێکە لە بارەی ئافرەت و دەستپێکردنەوە بە ژیان و بەهێزبوونەوەیە. باسی ئەو تراجیدیایە دەکات کە لە "مینیجێرایس" رووی داوە.  
 
جولیانا رۆجاس: ئەوە وەک کارەساتێکە لە کانەکاندا کە دادەڕمێت و دەدات بەسەر هەموو شارەکەدا و سرووشت وێران دەکات.  
 
فێرناند ڤیانا: هەموو شتێک وێران دەکات.  
 
جولیانا رۆجاس: ئەوەیش بەهۆی کۆمپانیایەکەوە بوو.  
 
فێرناند ڤیانا: شارەکەی من کانزای زۆری هەیە. کانی تێدایە.  
 
رووداو: کەواتە پڕە لە تراجیدیا. بۆ تۆ قورس نەبوو ئەم هەستانە بەرجەستە بکەیت؟  
 
فێرناند ڤیانا: بەڵێ وایە. من پێشتر زۆر قسە و چیرۆکی قوربانییەکانم بیستبوو کە زۆر تراجیدی بوون، هەموو شتێکیان لە دەست دابوو، تەنانەت وێنەیەکی کەساکانیشیان نەمابوو. هەموو شتێکیان لە دەست دابوو. بۆیە زۆر قورس بوو، بەڵام پێم وایە زۆر گرنگە ئەم شتە بەبیر بهێنینەوە، چونکە ... 
 
جولیانا رۆجاس: چونکە کۆتایی نەهاتووە. 
 
فێرناند ڤیانا: بەڵێ، کۆتایی نەهاتووە. 
 
جولیانا رۆجاس: خەڵك هێشتا قەرەبوو نەکراونەتەوە. هێشتا دادگا کۆتایی نەهاتووە. 
 
فێرناند ڤیانا: باس لە ئافرەتێکی بەهێز دەکات. 
 
رووداو: میرێلا، باسی رۆڵەکەی خۆتم بۆ بکە. چۆن بوو؟ چۆن بڕیارت دا لەم فیلمەدا رۆڵ بگێڕیت؟ 
 
مێرێلا فاچانها: فلاڤیا لە پرسە و خەمێکی قووڵدا دەژی. زۆر کەمدووە. زۆر خەمبارە، چونکە ... 
 
جولیانا رۆجاس: دەیەوێت باوکی بناسێت کە مردووە.  
 
مێرێلا فاچانها: فلاڤیا لە خەمێکی قووڵدا دەژی، چونکە باوکی لە دەست داوە. جا دوای کۆچی دوایی ئەو، بڕیار دەدات لەگەڵ مارتای هاوکاریدا بچن بۆ کێڵگەکەی باوکی و پەیوەستی شوێنەکەی ببن.  
 
رەنگە فلاڤیا لە ناخودئاگایدا هەست بکات پەیوەست دەبێت بە باوباپیرانییەوە. لە رێگەی درک و هەستەکانییەوە و تێگەیشتن لە سرووشت؛ ئەوە دەکات.  
 
رووداو: بروونا، ئەی رۆڵەکەی تۆ چۆن بوو؟ ئەو سەختییانە چی بوون کە لەم فیلمەدا تووشت بوون؟  
 
بروونا لینزمایەر: من رۆڵی مارتام گێڕا کە هاوڕێی فلاڤیا بوو. مارتا ڤێتێرنەرە و خەڵکی ساوپاولۆیە. بە گەلێک چاوەڕوانییەوە دەچن بۆ شارۆچکە تا لەوێ بژین و ژیانێکی نوێ لەگەڵ ئاژەڵان رووەکەکاندا بونیات بنێن، بەڵام شتەکان بە باشی ناڕۆن. هەروەها لەگەڵ ئەوەیشدا هاوڕێکەی بەم هەستە ناخۆشەدا دەڕوات کە ئەوەیش بۆ مارتا زۆر قورسە. هەر لە سەرەتاوە هەموو شتێک بۆ ئەو سەختە، چونکە لە کێڵگەکەدا شتانی نامۆی بان‌سرووشتی روودەدەن. بۆیە مارتا بڕیار دەدات جێی بهێڵێت. ئەوان خۆشەویستییەکی جوان لە نێوانیاندایە، بەڵام لەم ساتەدا ئەم لێکترازانە روویان تێدەکات. فلاڤیا دەرفەتی هەیە لە گەشتەکەی بەردەوام بێت تا بە باوکە مردووەکەی بگات.  
 
رووداو: کاتێک سکریپتی فیلمەکەت خوێندەوە و پێیان گوتیت دەتوانیت لە فیلمەکەدا رۆڵ بگێڕیت، چیت کرد؟ چۆن بڕیارت دا؟ چ شتێکی بۆ تۆ سەرنجڕاکێش بوو؟  
 
بروونا لینزمایەر: من هاندەری جولیانام. لە بەرازیل جولیانا یەکێکە لە گەورەترین دەرهێنەرەکان. زۆر حەزم لە فیلمەکانیەتی. ئەم گرووپەیش زۆر خۆشن. زۆر شوێنیان بۆ بینەران هەیە کە بیرۆکە و بۆچوونەکانیان بهێنن و بیانخەنە سەر شاشە. ئەوە زۆر جوان و تایبەتە. هەروەها دوو کچە دۆستیشمان هەبوو لە فیلمەکەدا کە ئەوە منی زۆر خۆشحاڵ کرد، چونکە خۆم لەو بوارەدا چالاکوانم. ئێمە نەماندەتوانی ئەو جۆرە دیمەنانەی خۆشەویستیی نێوان دوو ئافرەت ببینین. ئەوەیش شتێکی گرنگ بوو کە فیلمێکی لەسەر بکرێت. هەروەها من هاوڕێی سارا سیلڤێتەری دەرهێنەریشم، ئەویش لە بەرازیل دەرهێنەرێکی مەزنە. بۆیە زۆر خۆشحاڵ بووم بەشێک بم لەم تیمە. 
 
رووداو: باشە، چەندە بە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەوە سەرقاڵ بوویت؟  
 
جولیانا رۆجاس: ماوەیەکی زۆر بوو، چونکە ساڵی 2020 دەستمان بە ئامادەکردنی فیلمەکە کرد، ئیتر ئەوە بوو پەتای کۆرۆنای بەسەردا هات. ئەوە بوو دەبوو دەست لە ئامادەکارییەکە هەڵبگرین. ئەوە بوو لە 2021 گەڕاینەوە و یەکەم بەشیمان لە شار وێنەگرت. دیسان هەر بەهۆی کۆرۆناوە دەستمان هەڵگرتەوە، چونکە کارمەندمان تووش بووبوون. ئیتر لە ساڵی 2022 گەڕاینەوە بۆ وێنەگرتن. ئەوە بوو بەرهەمهێنانی فیلمەکە چوار ساڵی خایاند.  
 
رووداو: بە بۆچوونی تۆ، بەشداریکردن لە فێستیڤاڵێکی وەک بەرلینالەدا چەندە گرنگە کە دەرفەت بە فیلمەکەتان بدات تا لە وڵاتاندا پێشوازیی لێ بکرێت؟  
 
جولیانا رۆجاس: زۆر گرنگە لە بەرلینالەدا بەشداری بکەیت، چونکە یەکێکە لە فێستیڤاڵە زۆر دیار و گەورەکانی جیهانە. جا کە لێرە وەرگیرایت، ئەوە سەرنجی وڵاتان و فێستیڤاڵەکانی دیکەیش رادەکێشێت و لە راگەیاندندا زۆر دەنگدانەوەی دەبێت. بۆیە ئەمە بۆ فیلمەکەمان زۆر گرنگە و بە هەموو شوێنێکدا بڵاودەبێتەوە. فیلمەکە هێماییەوە و ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە پیشانی بدەین. تا تێڕوانینی جیاواز پیشان بدەین کە وڵاتەکەمان چۆنە و کارەکتەرەکانمان چۆنن. بۆ ئێمەیش و بۆ سینەمای ئێمە زۆر گرنگە کە لێرە بین.  
 
رووداو: خاتوو جولیانا، ئەمەیان وەک پرسیارێکی ئابوورییانەیە. پێت وایە لەم رۆژانە دابینکردنی بودجە بۆ فیلم قورسە؟ 
 
جولیانا رۆجاس: بەڵێ ...  
 
رووداو: ببوورە. دەتوانم بە جۆرێکی دیکە بپرسم. ئەو قورسییانە چین کە ئێستا دێنە رێتان، کاتێک دەتانەوێت فیلمێکی تازە دروست بکەن و بەرهەمی بهێنن؟ 
 
جولیانا رۆجاس: بەڵێ، هەمیشە دابینکردنی پارە بۆ فیلم کێشەیە. شتێکی ئاسایی نەبووە. بۆ من هەمیشە قورسیی هەبووە، چونکە پێم خۆشە کار لەگەڵ تیم و کارەکتەری زۆردا بکەم کە زۆر دەرنەکەوتبن. ئەوەیش لە فێستیڤاڵەکاندا لەسەر ئەو جۆرە رێڕەوە یارمەتیم دەدات و خەڵاتەکانیش یارمەتیت دەدەن کە داراییت باش ببێت. ئیتر زۆر قورسە، بە تایبەتی لە وڵاتی ئێمەدا کە بۆ سینەما زۆر پشتیوانی ناکرێین، هەر بۆیە بۆشاییمان بۆ سینەمای ئەمریکا کردووەتەوە. ئەوان زۆربەی شاشە و سینەماکانیان داگیر کردووە. هەر بۆیە فیلمەکانی خۆمان زۆر هەلی پیشاندان و گەیشتنیان بە بینەر نییە. ئیتر بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی لەم جۆرەدا یارمەتیمان دەدات سەرنج رابکێشین و پشتیوانیی دارایی بۆ فیلمی دیکە بە دەست بهێنین.  
 
رووداو: بەر لەوەی بێن بۆ بەرلینالە، پێشبینیت دەکرد فیلمەکەتان لە بەرلینالە وەربگیرێت؟  
 
فێرناند ڤیانا: نەخێر.  
 
رووداو: بە راست؟  
 
فێرناند ڤیانا: نا، نا. من زۆر زۆر خۆشحاڵم و شانازی دەکەم. 
 
رووداو: کە زانیت فیلمەکەتان لە بەرلینالە وەرگیراوە، کاردانەوەت چۆن بوو؟ 
 
فێرناند ڤیانا: وا هەست دەکەم هەر دوێنێ بوو. زۆر خۆشحاڵم، شانازی دەکەم کە لەگەڵ تیمەکەمدا لێرەم لەگەڵ دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و ئەکتەرەکاندا. زۆر خۆشحاڵم فیلمی بەرازیلیمان هێناوەتە ئێرە. پێم وایە ئەم فیلمە دەکرێت لە هەر شوێنێک پیشان بدرێت. سکریپتەکە کە جولیانا نووسیویەتی زۆر باش و کاریگەرە. گاڵتەوگەپی تێدایە، زۆر شتی چاوەڕواننەکراوی تێدایە. لە فیلمەکەدا من ئافرەتێکی گوندیم، بەڵام ئافرەتێکی هاوچەرخی گوندیم. راستە لە بەرازیل روودەدات، بەڵام دەکرێت لە هەر شوێنێکی دیکەیش ئەوە رووبدات. من و جوانا کۆچ دەکەین. ئەمە ژیانی کۆچبەران پیشان دەدات. دەکرێت فەلەستینییەک و پەنابەرانی جیهان خۆیانی تێدا ببینێتەوە.  
 
رووداو: بروونا، رۆڵی ئافرەتان لە سینەمادا چۆن دەبینیت؟ بە تایبەتی کە ئێمە لە بەرلینالەین، زۆر گۆڕانکاری دەبینین. ئەم خولەی بەرلینالە سەرۆکی دادوەران ئافرەتێکی رەشپێستە، لوپیتا نیۆنگۆ. رۆڵی ئافرەتان لە سینەمادا چۆن دەبینیت؟  
 
بروونا لینزمایەر: پێم وایە، وەک بینەرێک دەمەوێت ئەم فیلمانە ببینم کە ئافرەت یان ئافرەتانی هاورەگەزخواز و نەژادە جیاوازەکان دروستی کردوون. بەر لە هەر شتێک وەک بینەرێک سەرنجم رادەکێشن، پاشان وەک ئەکتەر و هونەرمەند. دەمەوێت بەشێک بم لێی. شانازی دەکەم کە  لێرە بەشێک بم لێی. لە بەرلینالە دەرفەت هەیە فیلمەکەت پیشان بدەیت و ئەم کەسایەتییانە ببینیت. 
 
رووداو: جگە لەمە، پرسیارێکی دیکەم هەیە. پێم وایە ئێستا تۆ سەرقاڵی پرۆژەیەکی دیکەیت کە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنییە و باسی بیروبۆچوونەکان لە بەرازیل دەکات، وایە؟  
 
بروونا لینزمایەر: بەڵێ، راستە. زنجیرەیەکی کۆمپانیای "‌HBO"یە، باسی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایدزە لە بەرازیل. باسی ئەوە دەکات چۆن خەڵکی دەمردن تەنیا لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا لە هەشتاکاندا حکومەت تاکە دەرمانی چارەسەری قەدەخە کردبوو. بەڵێ، پرۆژەیەکی جوانە.  
 
رووداو: مێرێلا، خەونەکەت لە سینەمادا چییە و دەتەوێت دوای ئەمە بە کوێ بگەیت؟ دوای ئەم هەنگاوە باشەی بەرلینالە. دەتەوێت چی بە دەست بهێنیت؟ 
 
مێرێلا فاچانها: هیوادارم ئەو رۆڵەی من لەم فیلمەدا گێڕاومە خەڵکی لە رێگەیەوە دەرفەتی ئەوەیان هەبێت تێڕوانینیان بۆ لەشولاری قەڵەوی وەک من بگۆڕن.  
 
مێرێلا فاچانها: لە فیلمەکەدا دەرفەت هەیە بۆ بابەتی کەسانی قەڵەو و رەشپێست. هیوادارم ئەوە گۆڕانکاری دروست بکات و تێڕوانینی نوێ بهێنێتە ئاراوە.  
 
رووداو: بە داخەوە کاتەکەم تەواو دەبێت. هەستم نەکرد کات بەو خێراییە دەڕوات. دەمەوێت دوایین پرسیارم بپرسم. پلانی دوای بەرلینالە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە چی دەبێت؟  
 
جولیانا رۆجاس: ئێستا فیلمەکە پەخش کراوە و بە وڵاتانی دیکەدا بڵاوی دەکەینەوە. زۆر ئەگەری فرۆشتنی فیلمەکە بە ناوچە و وڵاتانی دیکە تاوتوێ دەکەین. هەروەها دەستمان بەوە کردووە لە فێستیڤاڵی دیکەدا لە زۆر وڵاتی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا پیشانی بدەین. هیوادارین بەم زووانە لە بەرازیلیش پیشانی بدەین بۆ ئەوەی تێڕوانینی بەرازیلییەکانیش بزانین.  ئێستا دەستمان بە ئەرکێکی نێودەوڵەتی کردووە و گەلێک بانگهێشتنامەمان بۆ هاتووە. هیوادارم فیلمەکە بچێتە زۆر وڵات و بە خەڵکی زۆر بگات.  
 
رووداو: زۆر جوانە. زۆر سوپاس. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. هیوادارم لە شوێنی باشتریشدا بتانمبینمەوە. شانازایتان پێوە دەکەین. زۆر سوپاس. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە