رووداو دیجیتاڵ
'Pathaan' نوێترین فیلمی شارۆخ خان، ئەکتەری هیندی و ئەستێرەی سینەمای بۆلیوودە و ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشان دەدرێت و داهاتی 12 ملیۆن و 77 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
'Pathaan' یەکەم بەرهەمی شارۆخ خان لە دوای چوار ساڵ دابڕان لە کاری نوێی سینەمایی و یەکەم فیلمی هیندییە لە ماوەی یەک رۆژدا داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە 11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بێت.
لەم بەرهەمە ئەکشەندا جگە لە شارۆخ خان، هەریەک لە دیپیکا پادکۆن و جۆن ئەبراهام رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لە دەرهێنانی سیدهارت ئانەندە.
لە فیلمەکەدا شارۆخ خان، رۆڵی کارەکتەری 'باسان' دەگێڕێت و لە 10ـی کانوونی دووەمی 2023 دووەم ترەیلەری لە یوتیوب بڵاوکرایەوە و 68 ملیۆن و 734 هەزار بینەری هەیە.
شارۆخ خان، لە 2 تشرینی دووەمی 1965 لە نیودلهیی هیندستان لەدایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، سەماکار و بازرگانە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت و سامانەکەی 600 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی چەند زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنی هیندی بووە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، لەوانە زنجیرەی 'Fauji' و زنجیرەی 'Dariya Dil' کە لە 1988 و 1989 بەرهەمهاتوون، دوایین زنجیرەی تەلەڤزیۆنیش رۆڵی تێیدا گێڕابێت، زنجیرەی 'Idiot' بوو لە 1991.
'Deewana' یەکەم فیلمی ئەو ئەکتەرە بوو لە سینەمای بۆلیوود و لە 1992 بڵاوکرایەوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی زۆری بەدەستهێنا و خەڵاتی باشترین ئەکتەری تازە پێگەیشتووی لە هیندستان پێبەخشرا.
لە دوای رۆڵگێڕان لە چەندین بەرهەمی سینەمایی، لە 1999 رووی لە بەرهەمهێنانی سینەمایی کرد و چەند فیلمێکی بەرهەمهێنا، لەلایەکی دیکەوە، ئەو فیلمانەی رۆڵی تێدا گێڕا، بە فیلمی سەرکەوتوو لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە ناسێندران و لەلایەن رەخنەگرانی بواری سینەما بە فیلمی سەرکەوتوو ناسراون.
شارۆخ خان، لە زیاتر لە 80 فیلم و هەشت زنجیرەی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی گێڕاوە، لە 2007 وەک یەکێک لە 50 کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان لە گۆڤاری 'نیوز ویک' و لە 2010 ناوی لە ریزبەندی 12ـی لیستی کاریگەرترین کەسایەتی جیهانی گۆڤاری 'تایم'ـدا هات.
ویڵ سمیس، ئەکتەری ئەمریکی، لەدوای بینینی فیلمی 'Devdas'ـی شارۆخ خان، لەبارەی ئەو ئەکتەرەوە گوتی: "منی گریاند، کاتێک کە فیلمی 'Devdas'ـم بینی"، گوتیشی "نازانم چۆن دەریببڕم، بەڵام ئەکتەرێکی لێهاتووە".
کەیت وێنسڵێت، ئەکتەری ئەمریکی، لەبارەی ئەو ئەکتەرەوە دەڵێت، لە فیلمی 'Devdas' لە فێستیڤاڵی کان بینیویەتی و بە نواندنی سەرسام بووە، گوتیشی "بەڕاستی ئەستێرەیەکی خاوەن تایبەتمەندی تایبەتە و سەختە ئەکتەری بەو پێوەرە بدۆزییەوە".
سەلما حایک، ئەکتەری مەکسیکی، لەبارەی شارۆخ خان دەڵێت، نواندنی ئەو ئەکتەرەی بە دڵە و هیوای ئەوە دەخوازێت لە داهاتوودا پڕۆژەی فیلمێک کۆیان بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ