کەلوپەلە تایبەتەکانی شاکیرا لە مۆزەخانەی گرامی دەخرێنەڕوو

رووداو دیجیتاڵ

دوو پارچە جلوبەرگی شاکیرا کە لە نیوەی یارییەکانی سوپەربۆڵدا لەبەری کردبوو، هەروەها دەستنووسی تێکستی گۆرانییەکی و گیتارێکی کارەبایی ئەو، لە چوارچێوەی پێشانگەیەکدا لە مۆزەخانەی گرامی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەخرێنەڕوو.
 
پێشانگەکە لە 4ـی ئازاری 2023 بەناوی 'شاکیرا: ئەزموونی مۆزەخانەی گرامی' دەکرێتەوە، تێیدا 40 کەرستە و کەلوپەلی تایبەتی ئەو هونەرمەندە دەخرێنەڕوو.
 
پێشانگەکە لە پەرەسەندنی میوزیکی شاکیرا دەکۆڵێتەوە هەر لە دەرکەوتنی لە کۆڵۆمبیا و تا بەناوبانگبوونی وەک سوپەرستارێکی جیهانی.
 
شاکیرا لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، شانازییەکی گەورەیە گەشتی ژیانی پیشەیی ئەو لە مۆزەخانەی گرامی نمایش دەکرێت.
 
لە پێشانگەکەدا گیتارێکی کارەبایی شاکیرا دەخرێتەڕوو کە بە 70 هەزار کریستاڵ رەش نەخشێندراوە.
 
لە 12ـی کانوونی دووەمی 2023 شاکیرا، بەرهەمێکی نوێی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و هۆگرانی ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە ناوەڕۆکی باس لە جیرارد پیکێی، یاریزانی ئیسپانی و خۆشەویستی پێشووی دەکات.
 
ئەم بەرهەمە کارێکی هاوبەشی شاکیرایە لەگەڵ بیزاراپ، بەرهەمهێنەر و دیجەی ئەرجەنتینی و بەناوی 'BZRP Music Sessions Vol 53' ڤیدیۆکلیپەکەی 227 ملیۆن بینەری هەیە.
 
شاکیرا و پیکێ لە حوزەیرانی 2022 جیابوونەوە و کۆتاییان بە پەیوەندی 11 ساڵەی نێوانیان هێنا.
 
شاکیرا تەمەن 45 ساڵ، لە 2010 کاتێک سەرقاڵی ئامادەکردنی گۆرانی 'Waka Waka' بوو بۆ مۆندیالی ئەفریقا بوو، یەکدیان ناسی و خاوەنی دوو منداڵن.
 
لە دوای جیابوونەوەی ئەو دوو کەسایەتییە جیهانییە، میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە پیکێ خیانەتی لە شاکیرا کردووە و بەهۆیەوە شاکیرا داوای جیابوونەوەی کرد.