زانکۆی سواسی بەریتانیا خەڵاتێک دەبەخشێتە ناسر رەزازی
رووداو- لەندەن
زانکۆی سواس کە یەکێکە لە زانکۆکانی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، هەرساڵەو خەڵاتێک دەداتە یەکێک لە هونەرمەندە نەتەوەییەکان لە جیهاندا، کە بڕیارە خەڵاتی ئەمساڵی لە رۆژی 30-1-2016 پێشکەش بکات بە هونەرمەندی کورد، ناسر رەزازی.
فەرید فەرەجپووری هونەرمەندی کورد کە بەنیازن لەگەڵ ناسری رەزازی زنجیرە کۆنسێرتێک لە چەند شارێکی بەریتانیا بەڕێوە ببەن بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە مەڕاسیمی خەڵاتی رێزلێنان بە ناسری رەزازی کە بەهۆی 50 ساڵ تێکۆشانیەتی لە فەرهەنگ و میوزیکی کوردی، بڕیارە دوو کوردناس گوتاریان هەبێت و دواتریش سکرتێری زانکۆکە کە خەڵکی بەریتانیایە لەسەر کاک ناسر قسە دەکات".
بەگوتەی فەرەجپووری لەو مەڕاسیمەدا "دوو بەشی میوزیکی فارسی و کوردی پێشکەش دەکرێت کە گۆرانیبێژی بەشی فارسیەکەی جەمشید رەزاییەوە و بەشی دووەمیش کە میوزیکی کوردی تێدا پێشکەش دەکرێت گۆرانیبێژەکانی ناسری رەزازی و فەرەید فەرەجپووری-ن گرووپەکەش چەند ژەنیارێکی بەناوبانگی وەک عارف ئیبراهیمپور و رزگار خۆشناوی تێدایە".
بڕیارە دوو کۆنسێرتی دیکە لە دوو شاری بەریتانیا بەڕێوەبچێت کە رۆژی یەکشەممە 31-1-2016 لە بیرمنگهام دەبێت و رۆژی سێشەممە 2-2-2016 لە شاری نیوکاسێل بەڕێوەدەچێت.