جێرارد دوپاردیۆ بە بیانووی نەخۆشی لە دادگە ئامادە نەبوو

28-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن جێرارد دوپاردیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جێرارد دوپاردیۆ، ئەکتەری فەرەنسی، تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بەرانبەر بە دوو کچە ئەکتەری گەنج لە 2021 خراوەتە پاڵ، بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت، بەهۆی نەخۆشی لە دادگە ئامادە نابێت.
 
بڕیاربوو دادگاییکردنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە پاریس بەڕێوەبچێت، دوپاردیۆ بە بیانووی ناجێگری باری تەندروستیی و رێنمایی پزیشکی؛ ئامادە نەبوو.
 
جگە لە سکاڵای دوو کچەکە کە یەکێکیان دیزاینەری فیلمە، داوکاری گشتی دەڵێت، شایەتحاڵ لە شوێنێ وێنەگرتنی فیلمەکەدا هەن.
 
یەکێک لە قوربانییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی "Les Volets verts" دوپاردیۆ لەسەر جلەکانییەوە دەستی بە چەند شوێنێک لە لەشیدا هێناوە، دوای ئەوەی خۆی لە دەستی رزگار کردووە؛ تووشی شۆک بووە و بەهۆیەوە پزیشکی دەروونی یەک هەفتە مۆڵەتی پێداوە. 
 
دوپاردیۆ (75 ساڵ)، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی سینەمای فەرەنسایە، پێشتر ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، شارلۆت ئارنۆ، ئەکتەری کەنەدی، لە 2018 کاتێک تەمەنی 22 ساڵ بوو، یەکەم سکاڵای لە دژی دوپاردیۆ تۆمارکرد، گوایە لە دوو بۆنەی جیاواز لە ماڵەکەیدا لە پاریس، دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری. 
 
ئەو ئەکتەرە گەنجە، لە 2020 بۆ جاری دووەم سکاڵای لەسەر ئەو ئەکتەرە فەرەنسییە تۆمارکرد، دوای ئەوەی سکاڵای یەکەمی رەتکرایەوە.
  
جێرارد دوپاردیۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین جار تۆمەتی درستدرێژیی سێکسیی خراوەتە پاڵ، بەڵام ئەو بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
جێرارد دوپاردیۆ، بە یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت و براوەی دوو خەڵاتی سیزاری فەرەنسییە وەک باشترین ئەکتەر، جگە لە کاری ئەکتەری، دەرهێنەری چەند فیلمێکیشە، هەروەها خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێناوە و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە