رێبەرێک بۆ ناساندنی باڵندەکانی چوار پارچەی کوردستان بڵاوکرایەوە

28-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "باڵندەکانی کوردستان" ئیسماعیل تەها شاهین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"باڵندەکانی کوردستان" رێبەرێکی کوردییە بۆ ناساندنی باڵندەکانی چوار پارچەی کوردستان، لە ئامادەکردنی ئیسماعیل تەها شاهینە، جگە لە ناو و زانیاری، وێنەی باڵندەکانیش لەخۆدەگرێت، فەرهەنگێکیشی بە زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لەخۆدەگرێت.
 
کتێبەکە لە دووتوێی قەبارە گەورەی 500 لاپەڕی رەنگاورەنگدا لەلایەن دەزگەی سپیرێز، بە تیراژی هەزار دانە، بە شێوەزاری کرمانجی سەروو چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
موئەید تەیب، نووسەر و شاعیر، لە دوا بەرگی کتێبەکەدا نووسیویەتی: "ماوەیەکی درێژە گوندەکانمان وێران دەبن، شارەکانمان گەورە و گەورەتر دەبن. پێشتر ئێمە لەگەڵ سرووشت دژیاین، ئێستا لەسەر سرووشت دەژین و ژینگە تێک دەدەین".
 
لە نووسینەکەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، زۆر جۆری دار، گوڵ، گیا و باڵندە لەناوچوونە، یا بەرەو لە ناوچوون دەچن، تەنانەت ناویشیان لەناو دەچن. هەروەها دەڵێت، ئەگەر لە هاونیشتمانییەک بپرسین، رەنگە ناوی 10 باڵندە بە کوردی نەزانێت.
 
روونیشیکردووەتەوە، کتێبەکە هەوڵدانێکە بۆ پاراستنی ناوی باڵندەکان و ناساندنیان، ئیسماعیل تەها شاهین خاوەنی فەرهەنگی "ئامەد"، بەو کتێبەی شاکارێکی دیکەی بۆ کتێبخانەی کوردی زیاد کردووە و باڵندەکانی کوردستانی بە خوێنەر ناساندووە.
 
ئیسماعیل تەها، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، بیرۆکەی ئامادەکردنی پڕۆژەکە بۆ ساڵی 1985 دەگەڕێتەوە، سەرەتا بۆ فەرهەنگێکی گشتی کاری لەسەر کراو و سوودی لە راوچیی باڵندەکان وەرگرتووە. گوتیشی، ئەو حەزەی بۆ سەردەمی منداڵی دەگەڕێتەوە و زۆر هۆگری باڵندەکان بووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لە کۆکردنەوەی زانیاری و وێنەکان لە چەندین سەرچاوە، راوچی و کەسانی شارەزا، دوو ساڵ بە شێوەیەکی مەیدانی لە نێو شاخ و سرووشتدا گەڕاوە و بەدواداچوونی بۆ جۆری باڵندەکانی کوردستان کردووە.
 
گوتیشی، کتێبەکە 334 جۆری باڵندە لەخۆدەگرێت، سەر بە 61 ماڵباتی 16 کۆمەڵەیە. روونیشیکردەوە، رەنگە هەندێ جۆری دیکەش هەبن و ئەو دەستی پێیان نەگیشتبێت.
 

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ماوەی داهاتوودا کار لەسەر دوو رێبەری دیکە دەکات، یەکێکیان تایبەت بە گوڵ، گیا و درەختەکانی کوردستان دەبێت، دووەمیشیان تایبەت بە گیانەوەرەکان دەبێت.
 
نووسەر لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، خێرخوازێک کە نەیویستووە ئاماژە بەناوی بکرێت، ئەرکی چاپکردنی کتێبەکەی لەئەستۆ گرتووە.
 

ئیسماعیل تەها شاهین، لە 24ـی حوزەیرانی 1957 لە گوندی سەیزار لە سێمێلی سەر بە پارێزگەی دهۆک لەدایکبووە، دەرچووی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سلێمانییە. لە 1982ـەوە رووی کردووەتە دنیای نووسین. 
 
نووسەر خاوەنی 14 کتێبی چاپکراوە، بەشێکیان بۆ منداڵان نووسراوە، گرنگترینیشیان فەرهەنگی "ئامەد"ـە کە فەرهەنگێکی مەیدانیی کرمانجی سەروو، کرمانجی خوار و عەرەبییە، زیاتر لە 32 هەزار وشە لەخۆدەگرێت و لە دوو بەرگدا چاپکراوە. هەروەها دوو بەرهەمی دیکەی ئامادەیە بۆ چاپکردن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە