ئالان قەرەداخی بەرهەمێک لەبارەی یادەوەرییەکانی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئالان قەرەداخی، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'یاد' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر چی بڕیاردان لەسەر ئامادەکردنی و تەنانەت کاتی ئامادەکردنی بەرهەمەکە کەمترین وادەی ویست، بەڵام تەواوی تێکستەکەی لە دڵەوە نووسراوە.
 
ئالان قەرەداخی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمە نوێیەکەی باس لە سەردەمی ئێستایە و ئاواتە بۆ رابردوو، سەردەمێک کە جوانییەکانی تەنیا رووکەشن، لە کاتێکدا رابردوو ناخەکان سادە و زێڕین بوون".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "دەمەوێ لێرەوە بە سەرجەمتان بڵێم، خەیاڵ و یادگارییەکانم تا ئێستاش لەناو نەوەی ئاڵتوونی نوقمە. ئێستاش نەمتوانیوە لەو چوارچێوەیە بێمە دەرەوە، چونکە بە بڕوای من نەوەی ئاڵتوونی بە مانای خۆی ئاڵتوونی بوو، سەردەمێک بوو لە خێراترین گۆڕانکاری تەکنەلۆجیا، بەڵام جوانی و رێز و خۆشەویستی هێشتا میوانمان بوو، شەرم دەرگەی کەسمانی بەرنەدابوو. ئەوەش وای کرد ئەم بەرهەمە ئامادە بکەم".
 
روونیشیکردەوە، ئاوازی گۆرانییەکە فارسییە، ئەشواق شاهین ئاوازدانەریەتی و تێکستەکەی لەلایەن خۆی و کاوە حسێن نووسراوە.
 
وەک ڤیدیۆکلیپ ئەم بەرهەمە لەلایەن برشت سەنگەر و کاوە میراز لە هۆڵەندا وێنەگیراوە.
 
ئالان کامیل، ناسیر یوسوفزادە، زانیار شوکورزادە، ئارتین عەبدوڵڵاهی و زانا عەبدوڵڵاهی وەک ژەنیار کاریان بۆ ئەم بەرهەمە کردووە.
 
ئالان قەرەداخی کوڕی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخییە و لە سویسرا دەژی و خاوەنی چەند تراکێکی گۆرانی و ڤیدیۆکلیپە.