لە هامبۆرگ فێستیڤاڵی فیلمی كوردی بەڕێوەدەچێت

28-10-2019
لیزا محەممەد
نیشانەکردن فیستیڤاڵی فیلمی هامبۆرگ
A+ A-
رووداو-هەولێر

دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە هامبۆرگی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ‌، بەهۆی نەبوونی سپۆنسەریش هیچ خەڵاتێك نادرێتە فیلمە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵەكە. 
 
فێستیڤاڵەكە لە رۆژی 30-10-2019 دەستپێدەكات و ماوەی هەفتەیەك دەخایەنێ‌. عەدالەت شاری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ پێشكەش بە رۆژئاوای كوردستان دەكرێت. 
 
فێستیڤاڵەكەش بە نمایشكردنی فیلمی (خوشكانی چەك) لە دەرهێنانی  خانمە دەرهێنەری فەرەنسی كارۆلینا فۆرێس دەكرێتەوە". عەدالەت شاری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەر لەم فێستیڤاڵەدا یادی شەڕی كۆبانێ دەكرێتەوە و فیلم لەبارەی شۆڕشی رۆژئاوا و شۆڕشی ژنان نمایش دەكرێت.
 
دیارترین ئەو فیلمانەی لەو فێستیڤاڵە نمایش دەكرێن بریتین لە فیلمی خوشكانی چەك لە دەرهێنانی كارۆلینا فۆرێس. فیلمی زاگرۆس، لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، هەروەها فیلمی ناوچەی فەرماندە.
 
لەم خولەی فێستیڤاڵدا 37 فیلمی درێژ، كورتەفیلم، فیلمی دۆكیومێنتاری، فیلمی منداڵان نمایش دەكرێن. عەدالەت شاری دەڵێت: "جیاواز لە فێستیڤاڵەكانی رابردوو لەم فێستیڤاڵەدا رۆژێك بۆ منداڵان تەرخانكراوە، منداڵان بێبەرامبەر بینەری فیلم و ئەنیمەیشنی كوردیی تایبەت بە منداڵان دەبن".
 
بە گوتەی شاری، جگە لە نمایشی فیلم، چوار پانێڵ و سیمینار سەبارەت بە فیلمەكان بەڕێوەدەچن و پێشكەشكردنی گۆرانی و میوزیكیش بەشێك دەبن لە بەرنامەی فێستیڤاڵەكە.
 
فیلمە بەشداربووەكان لە سێ سینەمای دیاری ناو شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا نمایش دەكرێن، بەڵام عەدالەت شاری دەڵێت بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر، هیچ خەڵاتێك دابەش ناكرێ‌.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە