نەڤید زەردی گۆرانییەک لەگەڵ بەنێوبانگترین هونەرمەندی فەرەنسی بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

نەڤید زەردی هونەرمەندی کورد، بەرهەمێکی دوێتی لەگەڵ گیمس، هونەرمەندی فەرەنسی بەرهەمهێناوە کە بەرهەمەکانی لە سێ کەناڵی جیاوازی یوتیوب، ملیاران بینەریان هەیە.
 
نەڤید زەردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'پۆز' نوێترین بەرهەمیەتی و ساڵانێکی زۆرە کاری بۆ دەکات، ئەو کارەی لەگەڵ هونەرمەند گیمسە کە ناوبانگییەکی جیهانی هەیە و کارێکی زۆر تایبەت دەبێت.
 
گیمس گۆرانیبێژ و میوزیسیانی فەرەنسی و بە رەچەڵەک کۆنگۆلی کە لە میوزیکی هیپ هۆپ و ئار ئاند بی کاردەکات، ماوەی 14 ساڵە یەکێک لە هونەرمەندە پلە یەکەکانی ئەوروپایە و هەریەک لە ڤیدیۆکلیپەکانی ملیۆنان بینەریان هەیە.
 
زەردی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەم بەرهەمە نوێیەی دوێتەی لەگەڵ گیمس، لە 9-9-2021 بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ لە کەناڵی تایبەتی خۆی بڵاودەکرێتەوە و بۆ یەکەمجارە هونەرمەندێکی کورد لەگەڵ هونەرمەندێکی جیهانی لەو ئاست و پێگە گرنگەی میوزیکدا کاربکات.
 
گیمس، لە لیستی ئەو هونەرمەندانەی زۆرترین خەڵاتیان بەدەستهێناوە، لە ریزبەندی حەوتەمدا دێت و کۆنسێرتەکانی پەنجا بۆ 100 هەزار کەس ئامادە دەبن، دوایین کۆنسێرتی ساڵی رابردوو لە ستاد دی فرانس لە فەرنسا بوو کە 150 هەزار کەس ئامادەیبوون.
 
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەری ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی سینگڵی و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە و لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکەی 12 گۆرانیبێژ هەیە و تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی بینایش داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 21 ملیۆن بینەری هەیە.
 
دوایین بەرهەمی زەردی بەناوی 'کوردە' بوو کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند شاناز و لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 14 ملیۆن بینەری هەیە.